ئێران بۆ رێگری لە کۆرۆنا بازاڕەکان دادەخات؛ بەڵام رێوڕەسمی عاشوورا بەڕێوەدەچێت

 
رووداو دیجیتاڵ

تاریکە بازاڕی ورمێ بە تەواوی داخراوە. لە دوو ساڵی رابردوودا، لانیکەم چوار جار دووکاندارانی ئەم بازاڕە ناچار کراون، دەڕابی دووکانەکانیان بێننە خوارەوە. ئەمجارەش لە دووشەممەوە پێیان داخراوە، بڕیارێک کە ناڕەزایەتیی دووکاندارانی لێکەوتووەتەوە.
 
بە بڕیاری حکومەتی ئێران تاوەکو رۆژی شەممە، هەموو شوێنێک، جگە لەو شوێنانەی پێویستن، دەبێت دابخرێن. کاسبکاران دەڵێن، لەم دۆخەدا کە بە گشتی بازاڕ نییە، داخستنی دووکان تووشی زیانی زۆریان دەکات. حکومەتیش هاوکارییان ناکات و لە هیچ باج و رسوماتێکی خۆی خۆش نابێت.
 
داخستنی دووکان و بازاڕ و فەرمانگەکان لە کاتێکدایە کە حکومەتی ئێران رێگە دەدات، رێوڕەسمەکانی شینگێڕی و ماتەمینیی مانگی موحەڕەم بەڕێوەبچن. کاسبکاران دەڵێن، لە جێگەی داخستنی بازاڕ، حکومەت دەبێت پێش بە رێوڕەسمەکان بگرێت.
 
وەزیری تەندروستیی ئێران 20 رۆژ پێش ئێستا رایگەیاند، ئەگەر بەپەلە و بۆ ماوەی دوو هەفتە ئەو وڵاتە بە تەواوی دانەخرێت، ئەگەری روودانی کارەساتێکی مرۆیی لەئارادایە. نزیکەی سێ هەفتە دوای ئەو داواکارییە، ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کەرەنتینی گشتیی بۆ ماوەی پێنج رۆژ راگەیاند؛ بڕیارێک کە ئەستەمە بتوانێت شەپۆلی پێنجەمی کۆرۆنا بوەستێنێت.