کەنەدا سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
حکومەتی کەنەدا بڕیاریدا سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە "لیستی تیرۆر" و داوا لە کەنەدییەکانی ئێران دەکات ئەو وڵاتە جێبهێڵن.
 
رۆژی چوارشەممە 19-06-2024، دۆمینیک لۆبلانک، وەزیری ئاسایشی گشتیی کەنەدا رایگەیاند، "حکومەتی ئێمە بڕیاریدا سوپای پاسدارانی ئیسلامی بخاتە لیستی تیرۆرەوە".
 
حکومەتی ئۆتاوا هەروەها داوا لەو کەنەدیانە دەکات کە لە ئێرانن، ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن.
 
ماوەیەکی درێژبوو پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کەنەدا داوای ئەو هەنگاوەیان لە حکومەت دەکرد، بەڵام حکومەتی لیبراڵی جەستن ترۆدۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا رەتیدەکردەوە و دەیگوت، "ئەمە دەرئەنجامی نەخوازراوی دەبێت".
 
لە تشرینی یەکەمی 2022 ئۆتاوا رایگەیاند، ئەو هەنگاوە دەبێتە نادادپەروەری بۆ ئەو ئێرانییانەی لە کەنەدا دەژین و مەترسییان لەسەر دروستدەکات. 
 
کەنەدا پێشتر فەیلەقی قودس لە سوپای پاسدارانی خستبووە لیستی تیرۆر و لە ساڵی 2012ـەوە هەموو پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێران بڕیبوو.
 
خستنە لیستی تیرۆری ئەو گرووپە بەو مانایە دێت، پۆلیسی کەنەدا هەر کەسێک بدۆزێتەوە کە پاڵپشتیی ئەو گرووپە بکات، دەتوانێت دەستگیری بکات و هەموو سامانە بانکییەکانی سڕبکات.
 
جگە لە کەنەدا، هەریەک لە ئەمریکا، سعودیە و بەحرێن سوپای پاسدارانیان خستووەتە لیستی تیرۆرەوە.