هێرشی ریفۆرمخوازانی ئێران بۆسەر نەریتخوازەکان تووندتر بووە؛ 'ناتوانم ماتۆڕێکی هۆندا بکڕم'

20-06-2024
لهۆن نەسرەدین
هێرشی ریفۆرمخوازانی ئێران بۆسەر نەریتخوازەکان تووندتر بووە
هێرشی ریفۆرمخوازانی ئێران بۆسەر نەریتخوازەکان تووندتر بووە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

جیاواز لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی پێشووی ئێران، هێرشی ریفۆرمخوازان بۆسەر نەریتخوازانی کۆماری ئیسلامی ئێران زەقتر و تووندتر بووە. بەربژێرێک سەرۆکایەتی دەڵێت: "بە مووچەی پزیشکییەکەم ناتوانم ماتۆڕێکی هۆندا بکڕم."
 
مەسعود پزیشکییان، بەربژێری سەرۆکایەتیی ئێران رایگەیاند: "بەر لە شۆڕش سەرباز بووم لە زاهیدان و زابول، مووچەکەم هەزار و 800 تمەن بوو، لە کاتێکدا پارەی ماتۆرێكی هۆندای هەزار و 250 تمەن بوو. ئێستا مامۆستای کۆلێژی پزیشکیم و بڕوانامەی باڵای نەشتەرگەری دڵم هەیە و بە مووچەی سێ مانگیشم ناتوانم ماتۆڕێكی هۆندای بکڕم".
 
بە یاوەری محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئێران وەک یەک تیم بەشدارییان لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی کرد.
باوەڕیان وایە باشبوونی رەوشی نێوخۆی ئێران بە رێكخستنەوەی پەیوەندییە دەرەکییەکانیەوە بەستراوەتەوە؛ دروست "پێچەوانەی" سیاسەتی حکومەتی ئیبراهیم رەئیسی.
 
محەمەدجەواد زەریف، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران: "با خەڵک بزانن لەسەردەمی سزاکاندا چی روویدا، تەماشا بکەن خەڵکینە هەڵاوسانیان بە کوێ گەیاندووە، گەشەی ئابووریتانی چی لێکردووە. خەڵکینە تەماشا بکەن چییان لە فرۆشی نەوتەکەتان کردووە. گوتیان ئێمە فێرمان کردن چۆن نەوت دەفرۆشرێت؛ نەخێر هۆکارەکەی ئەوان نەبوون، بەڵکو ئەوە بایدن بوو سیاسەتی بەرامبەر ئێران شل کرد؛ با ترەمپ بێتەوە ئەو کات بزانم ئەو برادەرانە چی دەکەن".
 
لە سێ ساڵی کابینەکەی رەئیسیدا سفرەی ئێرانییەکان هێندەی داتەپینی بەهای تمەن لە بەرامبەر دۆلار بچووک بووەوە؛ 
26 هەزار تمەن لە بەرامبەر دۆلارێک بۆ 58 هەزار تمەن دابەزی و تێکڕای مووچەی کارمەندانی بە نزیکەی 200 دۆلار گەیاند.
 
محەممەدباقر قالیبافی نەریتخواز، بەربژێری سەرۆکایەتیی ئێرانە و پاڵپشتیکاری دوورکەوتنەوە لە رۆژئاوا، بەڵێنی مووچەی باش و سفرەی رەنگین بە خەڵک دەدات و دەڵێت: "بە دڵنیاییەوە بۆشایی نێوان هەڵاوسان و مووچەتان بۆ قەرەبوو دەکەینەوە، ئەوەش لە رێگەی زیادکردنی مووچە و پێدانی شمەکی سەرەکی پێتان بۆ ئەوەی هەرگیز سفرەکەتان بچووک نەبێتەوە".
 
لە نێوان پزیشکییانی تاڕادەیەک مەیلەو رۆژئاوا و قالیبافی باوەڕدار بە نێوخۆ، سەعید جەلیلی، ئەندازیاری رێكکەوتنی ئەتۆمی هەیە.
 
لەیلا عێزەتی، هاووڵاتی ئێران باسی سیاسەتی وڵاتەکەی دەکات: "سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە زۆر شارەزاییم نییە، بەڵام بەرنامەی جەلیلی کە گرنگی بە کولتوور و خێزان دەدات، بۆ من گرنگە".
 
ئەحمەد باقری، هاووڵاتیەکی دیکەی ئێرانە و گوتی: "لەبەر ئەوەی بەڕێزیان لە کاروباری دەرەوە چالاک بوون، دەتوانن بە باشی تێکەڵی جیهانی دەرەوە بن و کاریگەریشی لەسەر میحوەری بەرهەڵستکاری هەبێت".
 
هێشتا روون نییە چ بەربژێرێك قردێلەی هێڵی کۆتایی هەڵبژاردنەکان دەپچڕێنێت؛ بەڵام بە ئەگەری زۆر لە شەش بەربژێرەکان چانسی ئەم سیانەیان زیاترە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە