بەربژێرێکی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران: بە مووچەی سێ مانگیشم ناتوانم ماتۆڕێكی هۆندای بکڕم

19-06-2024
لهۆن نەسرەدین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

جیاواز لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی پێشووی ئێران، هێرشی ریفۆرمخوازان بۆ سەر نەریتخوازانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، زەقتر و تووندترە. 
 
مەسعود پزیشکییان، تاکە بەربژێری ریفۆرمخوازە، ژێر بەڕەکەی خستە سەر بەڕە. 
 
پزیشکییان گوتی "بەر لە شۆڕش سەرباز بووم لە زاهیدان و زابوول، مووچەکەم هەزار و 800 تمەن بوو، لە کاتێکدا پارەی ماتۆڕێكی هۆندای هەزار و 250 تمەن بوو. ئێستا مامۆستای کۆلێژی پزیشکیم و بڕوانامەی باڵای نەشتەرگەریی دڵم هەیە، بە مووچەی سێ مانگیشم ناتوانم ماتۆڕێكی هۆندای بکڕم." 
 
بە یاوەریی محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئێران وەک یەک تیم بەشدارییان لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا کرد.
 
باوەڕیان وایە باشبوونی رەوشی نێوخۆی ئێران، بە رێكخستنەوەی پەیوەندییە دەرەکییەکانییەوە بەستراوەتەوە؛ دروست پێچەوانەی سیاسەتی حکومەتی ئیبراهیم رەئیسی.
 
محەممەدجەواد زەریف، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران دەڵێ "با خەڵک بزانن لەسەردەمی سزاکاندا چی روویدا، تەماشا بکەن خەڵکینە هەڵاوسانیان بە کوێ گەیاندووە، گەشەی ئابووریتانی چی لێکردووە. خەڵکینە تەماشا بکەن چییان لە فرۆشی نەوتەکەتان کردووە. گوتیان ئێمە فێرمان کردن چۆن نەوت دەفرۆشرێت؛ نەخێر هۆکارەکەی ئەوان نەبوون، بەڵکو بایدن (سەرۆکی ئەمریکا) بوو سیاسەتی بەرامبەر ئێران شل کرد؛ با ترەمپ (سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەربژێر بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا) بێتەوە، ئەو کات بزانم ئەو برادەرانە چی دەکەن." 
 
لە سێ ساڵی کابینەکەی رەئیسی، سفرەی ئێرانییەکان هێندەی داتەپینی بەهای تمەن لە بەرامبەر دۆلار بچووک بووەوە؛ 26 هەزار تمەن لە بەرامبەر دۆلارێک بۆ 58 هەزار تمەن دابەزی و، تێکڕای مووچەی کارمەندانی بە نزیکەی 200 دۆلار گەیاند.
 
قالیبافی نەریتخواز، پاڵپشتیکاری دوورکەوتنەوە لە رۆژئاوا، بەڵێنی مووچەی باش و سفرەی رەنگین بە خەڵک دەدات.
 
محەممەدباقر قالیبافی بەربژێری سەرۆکایەتیی ئێران بە خەڵکی وڵاتەکەی دەڵێ، "بە دڵنیاییەوە بۆشایی نێوان هەڵاوسان و مووچەتان بۆ قەرەبوو دەکەینەوە، ئەوەش لە رێگەی زیادکردنی مووچە و پێدانی شمەکی سەرەکی پێتان، بۆ ئەوەی هەرگیز سفرەکەتان بچووک نەبێتەوە." 
 
لە نێوان پزیشکییانی تاڕادەیەک مەیلەو رۆژئاوا و قالیبافی باوەڕدار بە نێوخۆ، سەعید جەلیلی، ئەندازیاری رێكکەوتنی ئەتۆمی هەیە.
 
لەیلا عێزەتی، هاووڵاتیی ئێران دەڵێ "سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە زۆر شارەزاییم نییە، بەڵام بەرنامەی جەلیلی کە گرنگی بە کولتوور و خێزان دەدات، بۆ من گرنگە." 
 
هێشتا روون  نییە چ بەربژێرێك قردێلەی هێڵی کۆتایی هەڵبژاردنەکان دەپچڕێنێت، بەڵام بە ئەگەری زۆر لە شەش بەربژێرەکان، چانسی ئەم سیانەیان زیاترە.
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە