وەزیرێکی ئێران لەسەر هاشتاگی کوردستان هێرشدەکاتەسەر یاریزانە کوردەکەی ئیستقلال

 
رووداو دیجیتاڵ 

یانەی ئیستقلالی تاران بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی پەیوەندی بە وریا غەفووری، کاپتنی کوردی یانەکەوە نەکردووە و وەزیرێکی حکومەتی ئێرانیش رەخنەی تووند لەو یاریزانە دەگرێت و بە جیاخوازی تۆمەتباری دەکات.
 
رۆژی یەکشەممە 19-6-2022، وریا غەفووری، کاپتنی یانەی ئیستقلالی تاران گوتی، دوای ئەوەی مانگی رابردوو نازناوی پاڵەوانێتیی خولی پلە نایابەکانی ئێرانیان بەدەستهێنا، بە میدیاکانی راگەیاند کە ئامادەیە گرێبەستەکەی لەگەڵ ئیستقلال نوێ بکاتەوە و چاوەڕوان بوو یانەکە رێز لە کاپتنەکەی بگرێت، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هیچ پەیوەندییەکی پێوەنەکراوە بۆ نوێکردنەوەی گریبەستەکەی. 
 
وریا غەفووری دەشڵێت، لەم ماوەیەدا بەرپرسانی یانەی ئیستقلال پەیوەندییان بە یاریزانەکانیانەوە کردووە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکانیان و ئەویش چاوەڕوانە بە راستگۆیانە و روون پێی رابگەیێنن، گرێبەستەکەی نوێدەکەنەوە یان نا. 
 
لەلایەکی دیکەوە، رۆستەم قاسمی، وەزیری رێگەوبان و نیشتەجێکردنی ئێران لە تویتێکدا هێرشیکردەسەر وریا غەفووری و بەهۆی بەکارهێنانی هاشتاگی "کوردستان" لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر لەلایەن ئەو یاریزانە کوردەوە بە جیاخوازی تۆمەتباری کرد. قاسمی دەڵێت، بۆ بست بە بستی وڵاتەکەیان خوێنیان داوە و رێگەنادەن دەستکاری سنوورەکانی بکرێت. 
 
وریا غەفووری لە رۆژانی رابردوودا لە دوو تویتدا هاشتاگی "کوردستان"ـی بەکارهێناوە. لە یەکێکیاندا وێنەیەکی خۆی لە سنە بڵاوکردووەتەوە و لە دووەمیشیاندا دەڵێت، رەگ و ریشەی لەو خاکەدا هەیە و جێی ناهێڵێت.