ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئێران و کاردانەوەکانی

19-06-2021

16:20

ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئێران راگەیێندرا

عەبدولڕەزا رەحمانی فەزڵی، وەزیری ناوخۆی ئێران
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای کەمتر لە رۆژێک لە کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران، ئەنجامەکان راگەیێندران و ئیبراهیم رەئیسی، بەربژێری نەرتیخوازەکان براوەی هەڵبژاردن بوو و دەبێتە سەرۆککۆماری داهاتووی ئێران.
 
بەپێی ئەو ئامارانەی عەبدولڕەزا رەحمانی فەزڵی، وەزیری ناوخۆی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی بڵاوکردەوە، لە کۆی 59 ملیۆن و 310 هەزار و 307 دەنگدەر، 28 ملیۆن و 933 هەزار و 4 کەس دەنگیان داوە. رێژەی بەشداریکردن 48.8٪.
 
بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران، ئیبراهیم رەئیسی 17 ملیۆن و 926 هەزار و 345 دەنگی بەدەستهێناوە، دوای ئەو موحسین رەزایی، بەربژێریكی دیکەی نەریتخواز بە 3 ملیۆن و 412 هەزار و 712 دەنگ بووە دووەم لە هەڵبژاردنەکان.
 
عەبدولناسر هیممەتی، سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندی ئێران و تاکە بەربژێری ریفۆرمخوازەکان پلەی سێیەمی بەدەستهێنا و  2 ملیۆن و 427 هەزار و 201 دەنگی پێدرا. دوای ئەویش قازی زادە دێت کە 999 هەزار و 718 دەنگی بەدەستهێناوە.
 
رێژەی بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردن لاواز بوو، بەپێی خشتەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی ئێران لە کۆی 7 ملیۆن و 165 هەزار کەس لە ژمارەی دەنگدەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان 3 ملیۆن و 43 هەزار و 200 کەس دەنگیان داوە کە دەکاتە 42.47٪. 
 
بەکۆی گشتیی 3 ملیۆن و 726 هەزار و 870 دەنگی پووچەڵ خراوەتە سندووقەکانی دەنگدان.
 
 
زیاتر بخوێنەوە

15:42

لە رۆژهەڵاتی کوردستان 42٪ی دەنگدەران بەشدارییان لە هەڵبژاردندا کردووە

دەنگدەرێکی ئێرانی لە یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان. وێنە: AFP

رووداو دیجیتاڵ

بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی ئێران، پارێزگای ئیلام زۆرترین و پارێزگای لوڕستانیش کەمترین رێژەی بەشداریی هەڵبژاردن لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەبوو.
 
بەپێی خشتەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی ئێران لەسەر رێژەی بەشداریکردنی هاووڵاتیان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری و ئەنجوومەنی شار و گوندەکاندا، لە نێوان 31 پارێزگای ئەو وڵاتەدا پارێزگای خوراسانی باشوور بە 71٪ زۆرترین رێژەی بەشداریکردن و پارێزگای تارانیش بە 24٪ کەمترین رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانییان هەبووە. 
 
بەپێی ئەو خشتەیە لە کۆی 7 ملیۆن و 165 هەزار کەس لە ژمارەی دەنگدەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان 3 ملیۆن و 43 هەزار و 200 کەس دەنگیان داوە کە دەکاتە 42.47٪. 
 
پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە دوای پارێزگای خوراسان و سیستان، بە رێژەی 63٪ لە پلەی سێیەمی بەشداریکردندا تۆمارکراوە. هەروەها پارێزگای ورمێ بە رێژەی 46٪ لە پلەی 22 و پارێزگای کرماشانیش بە رێژەی 45٪ لە پلەی 23ی رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا تۆمار کراون. پارێزگای سنەش بە رێژەی 36.5٪ لە پلەی 29 و پارێزگای لورستانیش بە رێژەی 33٪ لە پلەی 30 پارێزگاکانی ئێراندا تۆمارکراون کە پارێزگای لۆرستان دوای تاران کەمترین رێژەی بەشداریکردنی ئێرانی تێدا تۆمارکراوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

12:42

دوایین ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی ئێران

کچێک لە هەڵبژاردنی سەۆرکایەتیی ئێران دەنگدەدات. وێنە: AFP
 
لە کۆی 25 ملیۆن و 700 هەزار دەنگ کە تاوەکو ئێستا جیا کراوەتەوە، یەک ملیۆن و 240 هەزار دەنگیان دەنگی پوچەڵ بوون.
 
بەپێی راپۆرتی کۆمیسیونی هەڵبژاردنەکانی ئێران 28 ملیۆن و 600 هەزار کەس لە هەڵبژاردنەکانی رۆژی هەینی ئێراندا دەنگیان داوە.
 
ژمارەی گشتیی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو، 59 ملیۆن و 310 هەزارو 307 کەس بوون، بەم پێیە رێژەی بەشداریی لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێراندا 48٪، کە کەمترین رێژەی بەشداریی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئێران دایە.
 
لەم هەڵبژاردنەدا ئیبراهیم رەئیسی 17 ملیۆن، واتە 62٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، ئەو لە هەڵبژاردنی جاری پێشوودا 15 ملیۆن و 800 هەزار دەنگی بە دەستهێنابوو. 
 
تاوەکو ئێستا 90٪ی دەنگەکان جیا کراوەتەوە و ژمارەی دەنگەکانی ئیبراهیم رەئیسی و بەربژێرەکانی دیکە زیاتریش دەبێت.
 
زیاتر بخوێنەوە

11:25

رووحانی بۆ پیرۆزبایی دەچێتە لای رەئیسی

وێنەی دیدارەکەی رەئیسی و رووحانی
حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران، بۆ پیرۆزبایی سەردانی ئیبراهیم رەئیسی، هەڵبژێراوی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێرانی کردووە.
 
بەپێی هەواڵی راگەیاندنەکانی ئێران، رووحانی و رەئیسی لە دیدارەکەدا رێژەی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردن و کاریگەرییەکانی هەڵبژاردن لەسەر هێز و تواناکانی کۆماری ئیسلامییان تاوتوێ کردووە.
 
حەسەن رووحانی رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو، رۆژێک پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بەشێوەی ناڕاستەوخۆ پشتگیری لە عەبدولناسر هیممەتی، بەربژێری میانڕەو کردبوو.
 
بەپێی جیاکردنەوەی 90%ـی دەنگەکان، ئیبراهیم رەئیسی 62٪ی دەنگەکانی هەڵبژاردنی بەدەستهێناوە و بەم پێیە دەبێتە هەشتەمین سەرۆککۆماری ئێران لە سێزدەیەمین خولی هەڵبژاردن.
 
زیاتر بخوێنەوە

11:21

رێژەی بەشداریی ئیلام و کرماشان لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران راگەیێندرا

کۆمیسیونی هەڵبژاردنەکانی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، 46%ـی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان لەم پارێزگایەدا هەبووە دەنگیان داوە.کۆمیسیونی هەڵبژاردنی پارێزگای ئیلامیش ریژەی بەشداریی خەڵکی لە هەڵبژاردنەکە 63٪ راگەیاند.

جەلیل باڵایی، سکرتێری کۆمیسیونی هەڵبژاردنی پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دەڵێت: بۆ هەڵبژاردنی ئێران یەک ملیۆن و 577 هەزار و 639 کەس مافی دەنگدانیان هەبووە، کە لەو ژمارەیە 724 هەزار و 160 کەس دەنگیان داوە.

لە پارێزگای ئیلامیش سەیدسادق موسەوی، سکرتێری کۆمیسیونی هەڵبژاردنەکانی ئەو پارێزگایە، رایگەیاند:  459 هەزار و 573 کەس مافی دەنگدانیان هەبووە، کە نزیکەی 289 هەزار دەنگیان داوە.

بەپێی دوایین ئاماری کۆمیسیونی هەڵبژاردنەکانی ئێران ، لە هەموو ئێراندا کەمتر لە 50٪ی خەڵک دەنگیان داوە.

 
زیاتر بخوێنەوە

11:19

ئەنجامی 90%ی دەنگەکان؛ رەئیسی نزیکەی 18 ملیۆن دەنگی هێناوە

رەئیسی لەکاتی دەنگدان

ناوەندی هەڵبژاردنی ئێران ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێرانی راگەیاند و ئیبراهیم رەئیسی بە نزیکەی 18 ملیۆن دەنگ دەبێتە سێزدەیەمین سەرۆککۆماری ئێران.
 

بەپێی ئاماری ناوەندی هەڵبژاردنی ئێران بەپێی ئەنجامە بەراییەکان 28 ملیۆن و 600 هەزار کەس بەشداریی هەڵبژاردنەکەیان کردووە لەکاتێکدا  59 ملیۆن و 310 هەزار و 307 کەس مافی دەنگدانیان هەبوو.
 
ئەنجامی دەنگەکان
 
1- ئیبراهیم رەئیسی   17 ملیۆن و 800 هەزار دەنگ
 
2- موحسین رەزایی میر قاید  3 ملیۆن و 300 هەزار دەنگ
 
3- عەبدولناسر هیممەتی  2 ملیۆن و 400 هەزار دەنگ
 
4- ئەمیر حوسێن قازی زادەی هاشمی  1 ملیۆن دەنگ

زیاتر بخوێنەوە

11:15

هیممەتی پیرۆزبایی سەرکەوتن لە رەئیسی دەکات

هیممەتی و رەئیسی
ئەگەرچی هێشتا هیچ ئەنجامێکی رەسمی لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران رانەگەیێندراوە، بەڵام عەبدولناسر هیممەتی، یەکێک لە بەربژێرەکانی هەڵبژاردنەکە پیرۆزبایی سەرکەوتنی لە ئیبراهیم رەئیسی کرد.
 
لە راگەیێندراوێکدا، عەبدولناسر هیممەتی کە تەنیا رکابەری ریفۆرمخوازی ئیبراهیم رەئیسی بوو رایگەیاند: "پیرۆزباییتان لێدەکەم بەبۆنەی هەڵبژاردنتان وەک سێزدەیەمین سەرۆککۆماری ئێران. خەڵکی نەجیب و سەرفرازی ئێران چاوەڕوانییەکی بەجێیان هەیە کە ژیانێکی لێوانلێو لە ئومێد، ئارامی و خۆشگوزەرانییان هەبێت".
 
هیممەتی لە پەیامەکەیدا ئومێد دەخوازێت کە حکومەتەکەی رەئیسی "بە هەنگاوەکانی خۆی لە گۆرەپانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی و لەژێر رێبەریی ئایوتوڵڵا خامنەیی رێبەری مەزنی کۆماری ئیسلامی ئێران، ژیانێکی پڕ لە ئاسایش و خۆشگوزەرانی و کاری باشتر بۆ گەلی گەورەی ئێران دەستەبەر بکات".
 
هەروەها حەسەن رووحانی سەرۆککۆماری ئێران، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ناوەندی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا پیرۆزبایی لە "هەڵبژێردراوی گەل" کرد و گوتی: "بەهۆی ئەوەی هێشتا ئەنجامەکان یەکلایی نەبوونەتەوە پیرۆزبایی رەسمی دوادەخەم، بەڵام دیارە کە کێ دەنگی پێویستی بەدەستهێناوە".
 
لەلایەکی دیکەشەوە ئەمیر حوسێن قازی زادەی هاشمی، یەکێکی دیکە لە بەربژێرەکانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران، پیرۆزبایی لە ئیبراهیم رەئیسی کرد و رایگەیاند: "پیرۆزبایی لە ئایەتوڵڵا ئیبراهیم رەئیسی هەڵبژێردراوی گەل دەکەم و لە خوای گەورە داواکارم لە خزمەت بە گەلی گەورەی ئێران سەرکەوتووی بکات".
 
رۆژی هەینی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی لە ئێران بەڕێوەچوو. رێژەی بەشداریی لە هەڵبژاردنەکە لەنێوان ئۆپۆزیسیۆن و حکومەت و هەروەها خەڵکی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناکۆکییەکی گەورەی دروستکردووە. بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە رێژەی بەشداریی زۆر کەمبووە و زۆربەی بنکەکانی دەنگدان چۆڵبوون. بەڵام حکومەت و بەرپرسانی ئەو وڵاتە رەتیدەکەنەوە و باس لەوە دەکرێت کە رێژەی بەشداریی سەرەڕای گلەیی و گازەندەی خەڵک باشبووە و خەڵک گۆیڕایەڵی بایکۆتی هەڵبژاردن نەبوون و دەنگیانداوە.
 
ئەگەرچی لە هەڵبژاردنەکانی پێشووتر ئەنجامی بەرایی لە بەرەبەیانی رۆژی دوای هەڵبژاردن دەردەکەوت و وەزارەتی ناوخۆ و ناوەندی هەڵبژاردن بەرەبەرە ژمارەی دەنگی بەربژێرەکانی رادەگەیاند، بەڵام تاوەکو کاژێر 11:00 بەکاتی تاران و 09:30 خولەک بەکاتی هەولێر، هیچ ئەنجامێک رانەگەیێندراوە و رێژەی بەشدارییش دیار نییە.
زیاتر بخوێنەوە

11:15

ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئێران و کاردانەوەکانی

رەئیسی بووە سەرۆککۆمار
هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران جیاواز بوو. هەر لە رەتکردنەوەی شیاویەتیی بەربژێرەکان و کەسانی ناسراوی نێو سیستەمی دەسەڵاتی ئێران لە ساڵانی رابردوو، تاوەکو دابەشبوونی کۆمەڵگەی ئێران بەسەر دەنگدان و دەنگنەدان و بایکۆتی هەڵبژاردن بەشێوەی فەرمی لەلایەن خەڵک و چەند بەرپرسێکی ئەو وڵاتە لەوانە ئەحمەدی نەژاد سەرۆککۆماری پێشوو، درێژەکێشانی هەڵبژاردن بۆ ماوەی 19 کاژێر و رانەگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان لەدوای تەواوبوونی پرۆسەکە تاوەکو کاژێر 11:00ـی رۆژی شەممە.
زیاتر بخوێنەوە