ئایا هەڵبژاردنی ئێران ئامادەکارییە بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا و قۆناخی دوای خامنەیی؟

19-06-2021
جووتیار قارەمان
نیشانەکردن هەڵبژاردنی ئێران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رۆژی هەینی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار و ئەنجوومەنی شارەکان لە ئێران بەڕێوەچوو. هەموو پێشبینییەکانیش باس لەوە دەکەن کە ئیبراهیم رەئیسی، کەسایەتیی نزیک لە عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران دەبێتە سەرۆککۆمار. چاودێرانی سیاسی باس لەوە دەکەن کە بەربژێرکردنی رەئیسی ئامادەکارییە بۆ یەکدەستکردنی دەسەڵات لە دەستی نەریتخوازان تا بۆ قۆناخی دوای خامنەیی زەمینەسازیی تەواو کرابێت.

کاکۆ عەلییار، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "هەر لە پێشتردا ئامادەکاری بۆ ئەوە کراوە کە ئیبراهیم رەئیسی ببێتە سەرۆککۆمار. ئەم هەڵبژاردنە وەک ئامادەکارییەکیشە بۆ دانانی رێبەری داهاتوو بۆ پاش خامنەیی. لە 24 ساڵی رابردوودا ریفۆرمخوازان 16 ساڵ حوکمیان کرد کە هەشت ساڵی خاتەمی و هەشت ساڵی رووحانی بوو، ئەوان بە خەڵکی ئێرانیان نیشان دا کە دەسەڵات بە دەستی ئەوان نییە و ئەوە ئایەتوڵڵا خامنەییە کە سیاسەت و ئابووری بەڕێوە دەبات. بۆیە ئێستا ریفۆرمخوازان لەوپەڕی لاوازییاندان."

پەروێز رەحیم قادر، پسپۆڕی نێودەوڵەتی و مامۆستای زانکۆی سەڵاحەدینیش گوتی: "ئەم هەڵبژاردنە جۆرێک لە کۆتاییهێنانە بەو یارییەی لەنێوان نەریتخوازان و ریفۆرمخوازاندایە. ئەمە دەریخست کە سیستمەکە لە رووداوەکانی 2017 و 2019دا زیانی زۆری بەر کەوتووە. بە هاتنە سەرکاری رەئیسی ئەوە یەکلایی دەکەنەوە کە سیستمەکە بپارێزن."

بەڵام لە بارەی یەکدەستکردنی دەسەڵاتەوە عەدنان بەرزنجی، مامۆستای زانکۆ لە سنە پێی وایە: "ناتوانین گریمانەی ئەوە بکەین کە بە دەرچوونی ئیبراهیم رەئیسی دەوڵەت یەکدەست ببێت، چونکە پێشتریش لە سەردەمی رەفسەنجانیدا کە بووە سەرۆککۆمار گوترا دەوڵەت یەکدەست دەبێت، کەچی وا نەبوو. راستە کە ئیبراهیمی رەئیسی و خەزووری دەسەڵاتیان زۆرە، بەڵام رەنگە دەنگیش نەهێنێت هەر بۆ ئەوەی پێیان بسەلمێنرێت کە ئێوە خەڵکتان لەگەڵ نییە. لەوانەیە بەپێی سندووقەکانی دەنگدان هیممەتی دەربچێت هەر وەک کەس بڕوای نەدەکرد کە ئەحمەدینەژاد بەرامبەر بە رەفسانجانی دەربچێت، یا خاتەمی بەرامبەر بە ناتقی نووری دەنگ بهێنێت، کەچی هێنایان."

بە گوتەی عەدنان بەرزنجی، ئەگەر رەئیسی دەربچێت، رەنگە بۆ چوار ساڵی یەکەم دەوڵەت و دەوڵەتی سێبەر ببنە یەک، بەڵام لە چوار ساڵی دووەمدا دیسانەوە ئەم کێشەیە دووبارە دەبێتەوە و ئەم جیاوازیی بیروڕایانە دەبێتە هۆکارێک کە خەڵک ئازارەکانیان زیاتر ببێت.

پێشوازیی خەڵك بۆ دەنگدان لە هەڵبژاردنی ئەم جارەدا سارد بوو و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەندان ڤیدیۆ بڵاوکرابوونەوە کە بنکەکانی دەنگدان چۆڵییان پێوە دیار بوو و دەنگدەر کەم بوون.

عەدنان بەرزنجی، مامۆستای زانکۆ لە سنە گوتی: "خەڵک لەوە دڵساردن کە چ سەرۆککۆمار و چ ئەوانەیشی بۆ ئەنجوومەنی شوورا هەڵدەبژێردرێن کارێکیان لە دەست نایەت. کەسێکی دیکە هەیە کە دەوڵەتێکی سێبەرە و دەسەڵاتی هەیە. چ دەنگ بدەن چ دەنگ نەدەن و چ سەرۆککۆمارێک بهێننە سەر کار کە خەڵک هەڵیببژێرێت چ شوورایەک دیاری بکەن کە خەڵک هەڵیببژێرێت، کارێک بۆ ژیانی خەڵک ناکەن."

ئەو مامۆستایەی زانکۆ باسی لەوە کرد، خەڵک لەبەر برسێتی، هەژاری و نەداری و نەپرسینەوەی بەرپرسان لە ژیان و گوزەرانیان کەمێک دڵساردن. هاوکات لەبەر ئەوەی لە زۆربەی بنەماڵەکاندا کەسێک هەیە بۆ ئەنجوومەنی شوورا خۆی بەربژێر کردووە، خەڵک وەکو عەشیرەتی سەیری دەکەن.

ئیرەج محەممەدزادە، رۆژنامەڤان لە تارانیش گوتی: "وەک ئەوەی پێشبینی دەکرا، پێشوازییەکی بەرچاو لە هەڵبژاردن نەکراوە. هۆکارەکەیش بۆ دۆخی ئابووریی خەڵک دەگەڕێتەوە. هەندێک لە کەسایەتییە سیاسییەکانیش بە ئاشکرا رایانگەیاند کە لە هەڵبژاردندا بەشاری ناکەن."

لەبارەی هۆکاری دیکەی کەمیی بەشداریکردنەوە لە هەڵبژاردندا ئازاد محەممەدیان، مامۆستای زانکۆ گوتی: "روویەکی جیاوازی ئەم هەڵبژاردنە ئەوەیە کە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی نێوخۆیی بە شێوەیەکی گشتی بایکۆتیان کرد. هەروەها ئەو رەوتانەیشی لە بازنەی دەسەڵاتی ئێرانەوە نزیک بوون ئەوانیش دوور کەوتنەوە و بانگەشەی بایکۆتی هەڵبژاردنیان کرد. ئەم بایکۆتە گشتگیرە رەوایەتیی دەسەڵاتی سیاسیی ئێران دەخاتە ژێر پرسیارێکی گەورە؛ ئەو دەسەڵاتەی کە دەڵێت رەوایەتیمان لە سندووقەکانی دەنگدانەوە وەرگرتووە."

لای خۆیشیەوە بەهرام مەجیدبەگ، شارەزای کاروباری ئێران پێی وایە: "بەشداریی کەمی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا دوو هۆکاری هەیە: یەکەمیان دۆخی ئابوورییە کە ئاستی گوزەران بە جۆرێکە کە ناڕەزایەتیی خەڵكی لێکەوتووەتەوە. دووەم، لایەنی ریفۆرمخوازان لە بەرامبەر نەریتخوازاندا پشتگیرییان لە بەربژێرێکی دیاریکراو نەکرد. هەرچەندە عەبدولناسری هیممەتی لە نەریتخوازانەوە نزیک بوو، بەڵام ئەوە ناکاتە ئەوەی کە ریفۆرمخوازان وەک بەربژێری خۆیان پێشکەشی بکەن."

سیاوەش حەیاتی، چالاکڤانی سیاسی لە کرماشان لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەکانەوە گوتی: "ئەو کەسانەی بۆ ئەنجوومەنی شار بەربژێر دەبن، بە گشتی بە شوێن سوودی خۆیان و عەشیرەتەکانیانەوەن، بۆیە ئێستا خەڵک لەو هەڵبژاردنەیش دڵساردن و پێیان وایە ناتوان گۆڕانکاری بهێننە ئاراوە."

ئێران بەهۆی ئەو گەمارۆ ئابوورییەی لەسەریەتی لە دۆخێکی ناهەمواردایە و، هەموو هەوڵەکانی بۆ ئەوەن ئەو گەمارۆیانەی لەسەر نەمێنن کە ئەوەیش بە گەرانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکادا دێتە دی.

عەدنان بەرزنجی گوتی: "زۆر کەس باوەڕیان وایە کە ئێران دەسانقەست رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکادا دوا دەخات بۆ ئەوەی رێککەوتنەکە لە سەردەمی نەریتخوازاندا بکرێت و بڵێن ئێمەین ئێرانمان لە نەهامەتییەک رزگار کرد کە نەریتخوازەکان بەرو رووی دەیانبرد. پێم وایە رێککەوتنەکە هەر دەکرێت، بەڵام نەریتخوازان پێیان خۆشە خۆیان بیکەن نەک دارودەستەی حەسەنی رووحانی."

کەیوان کەمانگەر، شرۆڤەکار و شارەزای یاسایی لە سنە دەڵێت: "ئەگەر رێژەی دەنگدان لە خوار 50٪وە بێت ئەوە بە گوتەی دەسەڵاتداران حکومەت رەوایەتیی خەڵکی لە دەست داوە. ئێستا گرنگترین کێشەی ئێران ئابوورییە و بەربژێرەکانیش زۆرترین بەڵێنیان لە بارەی باشترکردنی دۆخی ئابوورییەوە بوو. ئەوە ئاشکرایە کە نەریتخوازان دەزانن بەبێ گەڕانەوە بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکادا باشترکردنی دۆخی ئابووری سەختە."

بەشێکی زۆری ئەو کوردانەی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە دەرەوەی ئێرانن داوایان لە کوردانی ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرد کە هەڵبژاردن بایکۆت بکەن و دەنگ نەدەن. بەشێکیش لە چاودێران پێیان وایە کە دەنگدانی خەڵك هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت و سیاسەت هەر بەو جۆرە دەبێت کە لەسەری دامەزراوە.

ئەردەشیر ئەردەڵان، رۆژنامەڤان لە تاران گوتی: "لەبەر ئەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا 10 ملیۆن کەسن و لە تارانیشدا زیاتر لە ملیۆنێک کەسن، کوردەکان لە سیاسەتی ئەمڕۆی ئێراندا کاریگەرییان هەیە. تەواوی بەربژێرەکان ئەوە دەزانن کە کورد لە ئێراندا سەنگی خۆیی و یەکگرتووییەکی بەهێزی هەیە."

ئازاد محەممەدیان، مامۆستای زانکۆ دەڵێت: "لە هەڵبژاردنەکاندا هەرچییەک روو بدات، کۆماری ئیسلامی بەو پڕوپاگەندە و گەمە میدیاییەی کە هەیەتی، شتێکی جیاوز لەوە رادەگەیەنێت کە لە ئارادایە. هەر وەک ئەوەی بە درێژایی ئەو 42 ساڵەی کە ئێمە دەیزانین، ئەوە یەکێکە لەو گەمانەی کە کۆماری ئیسلامی بە سندووقەکانی دەنگدانی کردووە و وای کردووە سندووقی دەنگدان لە مانا بەتاڵ ببێتەوە."

هیچ کام لە بەربژێرانی پۆستی سەرۆککۆماری ئێران ئافرەت نین کە ئەوەیش بەپێی دەستوور رێگریی لێ کراوە و ئافرەت ناتوانێت بگاتە ئەو پێگەیە. لە کاتێکدا کە لە کابینەی حکومەتەکەی رووحانیشدا هیچ وەزیرێکی ئافرەت نەبوو کە گوزارشت لە دەنگ و داخوازیی ئافرەتانی ئێران بکات.

بەهار عەباسی، رۆژنامەڤان لە سەردەشت بە رادیۆی رووداوت گوت: "ژنان بەپێی دەستوور ناتوانن خۆیان بۆ سەرۆککۆمار بەربژێر بکەن، بەڵام بۆ شوورای ئەنجوومەنی شارەکان دەتوانن. زۆر مەرجیش بۆ ئافرەتان هەیە وەک پابەندبوون بە حیجابەوە. ئەگەر لە حکومەتیشدا وەزیری ژن هەبێت، دۆخی حکومەت لەوانەی خولەکانی پێشتر باشتر نابێت."

بەیانیی شەممە 2021/06/19 ناوەندی هەڵبژاردنی ئێران ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئەو وڵاتەی راگەیاند و بەو پێیە ئیبراهیم رەئیسی بە نزیکەی 18 ملیۆن دەنگ دەبێتە سێزدەیەمین سەرۆککۆماری ئێران.
 
بە گوێرەی ئاماری ناوەندی هەڵبژاردنی ئێران، بەپێی ئەنجامە بەراییەکان 28 ملیۆن و 600 هەزار کەس بەشداریی هەڵبژاردنەکەیان کردووە لە کاتێکدا  59 ملیۆن و 310 هەزار و 307 کەس مافی دەنگدانیان هەبوو.
 
ئەنجامی دەنگەکان:
 
1- ئیبراهیم رەئیسی   17 ملیۆن و 800 هەزار دەنگ
 
2- موحسین رەزایی میر قاید  3 ملیۆن و 300 هەزار دەنگ
 
3- عەبدولناسر هیممەتی  2 ملیۆن و 400 هەزار دەنگ
 
4- ئەمیر حوسێن قازی زادەی هاشمی  1 ملیۆن دەنگ

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە