سەرۆککۆماری ئێران سەردانی پارێزگای ورمێ دەکات
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری ورمێ رایگەیاند، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە رۆژانی داهاتوودا سەردانی پارێزگاکە دەکات و کێشە و کەموکوڕییەکانی پارێزگاکە تاوتوێدەکرێت و ژمارەیەک پرۆژەش دەکاتەوە.
محەممەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری ورمێ گوتی، لە چەند مانگی رابردوودا هەموو بابەتەکان، پرسەکان، کێشەکانی ئەو پارێزگایە تاوتوێکراون و لە کۆمیتەکانی حکومەتیشدا بڕیار لەسەر هەندێک شت دراوە.
موعتەمدیان دەڵێت: "رۆژی چوارشەممە دوایین کۆبوونەوە بۆ ئامادەکاریی سەردانەکە لەگەڵ جێگری سەرۆککۆمار کراوە و پلانی ئاوەدانکردنەوەی ئابووریی پارێزگا گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی."
پێشتر سەلمان زاکر، پەرلەمانتاری ورمێ، رۆژی 15.05.2022 گوتی، "سەرۆککۆماری ئێران رۆژی هەینی 20.05.2022 سەردانی ورمێ دەکات و لەو سەردانەشدا زیاتر لە 100 پرۆژە لە بوارەکانی ئاوەدانکردنەوە، پیشەسازی و بەرهەمهێنان دەکاتەوە."
سەلمان زاکر پێشتریش لە رۆژی 03.11.2021دا گوتبووی، بڕیارە ئیبراهیم رەئیسی لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی پارێزگای ورمێ بکات.
ئیبراهیم رەئیسی لە 9 مانگی رابردوودا سەردانی 20 پارێزگای ئێرانی کردووە.
بەگوتەی پارێزگاری ورمێ، لە سەردانی ئیبراهیم رەئیسیدا کۆمەڵێک پرۆژەی وەکو هێڵی ئاسن، کشتوکاڵ، پرۆژەکانی گواستنەوەی ئاو بۆ دەریاچەی ورمێ، نوێکردنەوەی قوتابخانەکان، تەواوکردنی پرۆژەی نەخۆشخانە و پرۆژەی دروستکردنی دەیان ناوەندی تەندروستیی دەکرێنەوە.