دادی ئێران داوای "نەرمی نواندن" لە سزای باڵاپۆشی دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران دەڵێت، سەبارەت بە پرسی باڵاپۆشی و جێبەجێکردنی یاسا لەو بوارەدا، نایانەوێت هەموو کەسێک سزا بدرێت، بەڵکو پێویستە کارەکە بە پلان و هاوئاهەنگی بکرێت و رێوشوێنەکان بە جۆرێک بن، کە زەمینەی خراپ بەکارهێنانی ئەم پرسە لەلایەن دوژمنانەوە دابین نەکرێت.
 
غوڵامحوسێن موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران رۆژی پێنجشەممە لە کۆبوونەوەی وەرزیی ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لەگەڵ بەرپرسانی داد و داواکاری گشتیی پارێزگاکانی ئەو وڵاتە، جەختی لە چەسپاندن و جێبەجێکردنی یاساکان لە بواری باڵاپۆشیدا کردەوە و رایگەیاند، بەڵام دەبێ بە پلان و هاوئاهەنگی هەموو دام و دەزگەکانی پەیوەندیدار بێت.
 
ئەو گوتی: "سەبارەت بە پرسی پاکداوێنی و باڵاپۆشی و لێپرسینەوە لەگەڵ پێشێلکاران، پێویستە بە پلان، هاوئاهەنگی و هاوکاری کار بکرێت، بە دڵنیاییەوە نامانەوێت سزای هەر کەسێک بدەین کە لە سەر شەقام گرنگی پێویست بە یاساکان نادەن؛ لەو چوارچێوەیەدا کۆمیتەی پاکداوێنی و باڵاپۆشی لە وەزارەتی ناوخۆ، بەرپرسیارێتی لەسەرە."
 
سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران دەڵێت بۆ دام و دەزگە ئەمنی و هەواڵگرییەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پێویستە ئەوانەی بە شێوەیەکی رێکخراو پێشێلی رێسا و یاساکان دەکەن، بناسێندرێن. رێوشوێن بەجۆرێک بگیرێتەبەر کە لەم پرسەدا (باڵاپۆشی) رێگری لە پێشێلکردنی شەریعەت بکرێت و هەمیش نەبێتە زەمینەی خراپبەکارهێنان لەلایەن "دووژمنانەوە."
 
غوڵامحوسێن موحسینی ئیژەیی، لەگەڵ ئەوەدا نییە، هەندێک سزا بەسەر ئەو کەسانە بسەپێندرێت، کە پابەندی باڵاپۆشی نابن، لەوانە دەستبەسەرداگرتن و بلۆککردنی 'کۆدی نیشتمانی' داواشی لە دادوەرەکان کرد کە لە جیاتی سزای زیندانیکردن، لە چوارچێوەی یاسادا سزای دیکەیان بدەن "بە مەرجێک گونجاو بن و کاریگەری نەرێنی و زیانبەخشیان نەبێت."
 
حکومەتی ئێران لەم رۆژانەی دواییدا سەبارەت بە پرسی باڵاپۆشی ژنان سیاسەتێکی تووندی گرتووەتەبەر و هەوڵەکانی بۆ جێبەجێکردنی رێسا و یاسا ئایینیەکانی تایبەت بە باڵاپۆشی چڕتر کردووەتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا لە زۆربەی شارە گەورەکانی ئەو وڵاتە پۆلیسی ئەخلاقی چالاک کردووەتەوە و ژمارەیەکی زۆری پۆلیس و هێزی ئەمنی لە شوێنە گشتییەکان بڵاوەیان پێکراوە.