سوپای ئێران: رووداوەکەی ئیسفەهان تەقەکردن بووە لە چەند تەنێکی گوماناوی

19-04-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەید عەبدولرەحیم مووسەوی، فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران رایگەیاند، دەنگی ئەو تەقانەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئیسفەهان بیستران، تەقەکردن بووە لە چەند تەنێکی گوماناوی کە لە ئاسمانی شارەکە بینراون.
 
رۆژی هەینی، 19ی نیسانی 2024، جەنەراڵ سەید عەبدولرەحیم مووسەوی، فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران لە رایگەیاند: "تەقینەوەکەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە ئاسمانی شاری ئیسفەهان پەیوەندی بە تەقەکردنی سیستمی بەرگری ئاسمانیمان لە تەنێکی گوماناوی بووە، کە هیچ زیانێکی نەبووە."
 
سەید عەبدولرەحیم مووسەوی گوتی: "شارەزایانی پەیوەندیدار لەبارەی رووداوەکە خەریکی لێکۆڵینەوەن و بەدواداچوون بۆ رەهەندەکانی ئەو پرسە دەکەن و دوای وەرگرتنی ئەنجامەکان، زانیارییەکان بڵاو دەکەینەوە."
 
چەند کاژێرێک لەمەوبەریش، سیاڤوش میهەندوست، بەرپرسێکی باڵای سوپای ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندبوو، ئەو دەنگەی لە ئیسفەهان بیستراوە، بەهۆی ئەوەوە بووە سیستمی بەرگریی ئاسمانی "تەنێکی گوماناوی کردووەتە ئامانج."
 
میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، دەنگی تەقینەوە لە چەند ناوچەیەکی وڵاتەکە بیستراوە بەتایبەتی لەنزیک شارەکانی ئیسفەهان و تەورێز، بەڵام دواتر سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە چەند شارێک چالاککراون و سێ درۆنیان تێکشکاندووە.
 
بەرپرسانی ئەمریکی بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاندووە، ئیسرائیل، هێرشی کردووەتە سەر ئێران، بەڵام وردەکاریی هێرشەکەیان رانەگەیاندووە. ئاماژە بەوەش دەکەن ئیسرائیل، ئەمریکای لە هێرشەکە ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام ئەمریکا نە بەشدار بووە، نە پشتگیریی کردووە.
 
تائێستا سوپای ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەبارەی هێرشەکانەوە نەداوە. بەڵام میدیای فەرمیی ئیسرائیل رایگەیاندبوو، دەنگی سێ تەقینەوە لە شارۆچکەی قەهجاڤەرستان، لە باکووری رۆژئاوای شاری ئیسفەهان بیستراوە کە دەکەوێتە نزیک فرۆکەخانەی ئیسفەهان و بنکەیەکی سەربازیی ئاسمانی.
 
ئاژانسی نێودەوڵەتیی ووزەی ئەتۆمی رایگەیاند، بنکە و ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران لە شاری ئیسفەهان سەلامەتن و هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە. 
 
لە لایەکی دیکەوە، دەسەڵاتی فرۆکەوانیی ئێران رایگەیاند، لەدوای چەند کاژێرێک لە راوەستانیان، گەشتەکانی فرۆکەخانەی تاران دەستیانپێکردووەتەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە