ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم: وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران سەلامەتن


رووداو دیجیتاڵ 

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی هێرشێک بۆ سەر ئێران، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەڵێت، وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران سەلامەتن و "داوا دەکەین هەموو لایەک دانبەخۆدا بگرن."
 
رۆژی هەینی، 19-04-2024، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم IAEA، رایگەیاند: "پشتڕاستی دەکەینەوە، هیچ زیانێک بەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران نەکەوتووە."
 
ئاژانسەکە لەسەر زاری رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی، داوای دانبەخۆدا گرتن لە هەموو لایەک دەکات و دەڵێت: "لە تەنگژە سەربازییەکاندا، هەرگیز نابێت دامەزراوە ئەتۆمییەکان بکرێنە ئامانج."
 
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم IAEA سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە و بارەگای سەرەکیی لە ڤیەننای پایتەختی نەمسایە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ (هەینی) دەنگی سێ تەقینەوە لە پارێزگەی ئیسفەهان بیستران. بەرپرسانی ئەمریکی بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاندووە، ئیسرائیل، هێرشی کردووەتە سەر ئێران، بەڵام وردەکاریی هێرشەکەیان رانەگەیاندووە. ئاماژە بەوەش دەکەن ئیسرائیل، ئەمریکای لە هێرشەکە ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام ئەمریکا "نە بەشدار بووە، نە پشتگیریی کردووە."
 
تائێستا سوپای ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەبارەی هێرشەکانەوە نەداوە، بەڵام میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاندبوو، دەنگی سێ تەقینەوە لە شارۆچکەی قهجارڤیستان، لە باکووری رۆژئاوای شاری ئیسفەهان بیستراوە کە دەکەوێتە نزیک فرۆکەخانەی ئیسفەهان و بنکەی سەربازیی ئاسمانی.
 
حوسێن دەلیریان، گوتەبێژی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، رایگەیاندووە ژمارەیەک درۆن "بەسەرکەوتوویی تێکشکێندراون، بەڵام هیچ هێرشێکی مووشەکی نەبووە." میدیای فەرمیی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە "هیچ زەرەر و زیانێکی نەبووە."
 
تەقینەوەکانی ئێران دوای ئەوە دێن، شەوی 13ـی نیسان، ئێران بە سەتان درۆن و مووشەک هێرشی کردە سەر سنووری ئیسرائیل و بەرپرسانی ئیسرائیلیش رایگەیاند، "وەڵاممان دەبێت."
 
ئەوە لەکاتێکدایە وەزارەتی دەرەوەی عومان رایگەیاند، سەرکۆنەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکەن و چینیش دەڵێت: ئاگاداری هەواڵی تەقینەوەکانی نێو ئێرانن.