'بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ' پۆلیسی ئێران بەشێکی کارەکانی بە کەرتی تایبەت دەسپێرێت

20-03-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی ئێران رایگەیاند، تەنیا لە پێنج رۆژی رابردوودا 177 کەس لەو وڵاتە بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.
 
سێشەممە 19ی ئاداری 2024 تەیمور حوسێنی، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی ئێران رایگەیاند، بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ، ژمارەیەکی زۆر خەڵکی ئەو وڵاتە دەبنە قوربانی، بۆیە پۆلیسی هاتووچۆ لە پلانیدایە بە مەبەستی باشترکردنی دۆخی ترافیک و کەمکردنەوەی ژمارەی قوربانیان، بەشێک لە کاروبارەکانی بە کەرتی تایبەت بسپێرێت.
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی ئێران گوتی، بۆ نموونە بڕیارە هەندێک کەس لە کەرتی تایبەت بە ئامێر و تەکنۆلۆژیای نوێ، لەجیاتی پۆلیس کامێراکانی چاودێریی سەر شەقامەکان کۆنتڕۆڵ بکەن.
 
بە گوتەی تەیمور حوسێنی، "تەنیا لە پێنج رۆژی رابردوودا 177 کەس لە سەرانسەری ئێران بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و شەش هەزار و 200 کەسیش بریندار بوون."
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی ئێران جەختیشی کردەوە، "پێویستە بە زووترین کات سیستمی هەڵسەنگاندن و رێزبەندیی شۆفێر جێبەجێ بکرێت، پێویستە سیستمێکی هاندان و سزا جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی بتوانین شاهیدی کەمبوونەوەی 15-20%ی رووداوەکانی هاتووچۆ بین لە ماوەی 4-5 ساڵدا."
 
تەیمور حوسێنی ئاماژەی بە داخرانی رێگەی چالووس لەنێوان پارێزگای تاران و پارێزگاکانی باکووری ئێران، بەهۆی بەربوونەوەی تاشە بەردی گەورەوە کرد و گوتی، بە هەوڵدانی تیمەکانی رێگەوبان، رێگەکە ئەمڕۆ کرایەوە و هاتووچۆ تێیدا ئاسایی بووەتەوە.
 
لە لایەکی دیکەوە ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران دوێنێ بە میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، حکومەت پشتگیری لە پرۆژەی رادەستکردنی کۆمەڵێک کاروباری پۆلیسی هاتووچۆ بە خەڵک دەکات و گوتی، "هیوادارین هەلومەرج و قۆناخەکانی جێبەجێکردنی ئەو کارە خێراتر بکرێن."
 
ئەحمەد وەحیدی هەروەها دەڵێت، "بڕی ئێستای سزای سەرپێچیکردن کەمە و نابێتە رێگر لەبەردەم روودانی رووداوەکانی هاتووچۆ. ساڵی داهاتوو هەوڵدەدەین پلانی هاندان و سزادان جێبەجێ بکەین."
 
کەمال هادیانفەر، بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران پێشتر رایگەیاندبوو، لە ماوەی 11 مانگی رابڕدوودا نزیکەی 19 هەزار کەس بە رووداوەکانی هاتووچۆ لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە و ئەمەش بەراورد بە ساڵی پێشووتر نزیکەی 6٪ زیادی کردووە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە