لە 2022 لانیکەم 134 کریستیان لە ئێران دەستبەسەرکراون


رووداو دیجیتاڵ 

چوار رێکخراوی جیهانی بۆ پاڵپشتی لە مافی کریستیانەکان لە ئێران، لە نوێترین راپۆرتیاندا باس لە "پێشێلکردن"ی مافی کریستیانەکان لە ئێران دەکەن و دەڵێن، ساڵی رابردوو لانیکەم 134 کریستیان لە ئێران "بەهۆی چالاکی ئایینی" بەندکراون. 
 
رێکخراوەکانی ئۆپێن دۆر (Open Door UK and Irland)، رێکخراوی یەکگرتوویی جیهانیی کریستیانییەکان ناسراو بە - CSW، رێکخراوی "مادە 18" و رێکخراوی "نیگەرانیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" ناسراو بە - Middle East Concern ، لە راپۆرتێکی 25 لاپەڕەیی هاوبەشدا لەسەر دۆخی کریستیانییەکان لە ئێران هۆشداریان داوە و دەڵێن: ساڵی 2022 بەراورد بە ساڵی 2021 ژمارەی دەستبەسەرکراوانی کریستیان لە ئێران لە 59 کەسەوە بۆ 134 کەس زیادیکردووە کە لەو ژمارە 61 کریستیان سزای بەندکردنیان بەسەردا سەپێنراوە.
 
لە راپۆرتەکەدا باس لەوە دەکرێت، 17 کریستیان بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی و دوو کریستیانیش بە تاوانی چالاکی ئایینی لەنێو ماڵەکانی خۆیاندا بە 10 ساڵ بەندکردن سزادراون. هەروەها باس لەوەش دەکرێت، لە ئێران ئازادی ئایینی لە "ئارادا نییە" و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران شوێنکەوتووانی هەر ئایینێکی دیکە جگە لە ئیسلامی شیعە بە شێوازی جیاواز "ئازار دەدات" و کریستیانییەکانیش تەنیا بە تاوانی چالاکی ئایینی ئازار دەدات. 
 
ئەمە پێنجەمین راپۆرتی ئەو چوار رێکخراوەیە کە بەبۆنەی تێپەڕینی 44 ساڵ بەسەر کوشتنی یەکەم کریستیان لە ساڵی 1979 لە ئێراندا بڵاوبووەتەوە.
 
لە دەستووری ئێراندا ئایینەکانی وەک زەردەشتی، کەلیمی و کریستیان بە "کەمینە" هەژمار دەکرێن و بەپێی مادەی 13ی دەستوور هەموو مافێکی چالاکی ئایینیان لە چوارچێوەی یاسادا هەیە. ئەو کەمینانە تەنانەت لە پەرلەمانی ئێرانیشدا نوێنەری تایبەتی خۆیان هەیە، بەڵام لە ساڵانی رابردوودا رێکخراوە جیهانییەکان بەردەوام باسیان لە پێشێلکردنی مافی کەمینە ئایینیەکانی نێو ئێران کردووە و بەپێی راپۆرتەکانی پێشووی ئەو چوار رێکخراوە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە حەوتەمین وڵاتی "دژە کریستیان" دادەنرێت.