لە ئێران ژنێکی مردوو لە سێدارە دەدرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

ئافرەتێکی ئێرانی کە بە تاوانی کوشتنی هاوژینەکەی سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو، دوای ئەوەی بەر لە لەسێدارەدان جەڵتەی دڵ لێیدەدات و دەمرێت، دادگە سزاکەی جێبەجێ دەکات و لە سێدارەی دەدات.
 
ئومێد مورادی، پارێزەری "زارا ئیسماعیلی"ـی 42 ساڵان کە لە لایەن دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تاوانی کوشتنی هاوژینەکەی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو، لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکەوە رایگەیاند: "بەرپرسانی گرتووخانەی 'رەجایی شەهر' لە کەرەج پێش جێبەجێکردنی سزای زارا ئیسماعیلی، سزای لەسێدارەدانی چەند کەسی دیکەیان جێبەجێ کردووە کە هەموویان پیاو بوون و ئەوەیش بووەتە هۆی ئەوەی زارا تووشی جەڵتەی دڵ ببێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەی کە دڵی زارا بە یەکجاری وەستاوە، لە لایەن جێبەجێکارانی سزاکەیەوە لە سێدارە دراوە."
 
زارا ئیسماعیلی بە تاوانی کوشتنی عەلیڕەزا زەمانی، هاوژینی کە یەکێک لە ئەفسەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران بوو، لە ساڵی 2018دا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو و رۆژی چوارشەممە 2021/02/17 بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی لە گرتووخانەی رەجایی شەهر ئامادە کراوە. 
 
پارێزەری زارا ئیسماعیلی دەڵێت، بەڵگەی پزیشکی دادی لەبارەی لەسێدارەدانەکەی زاراوە بینیوە و تێیدا هۆکاری مردنەکەی بە وەستانی دڵ تۆمار کراوە. بەڵام فاتیمە ئاسالماهی، خەسووی زارا رازی نەبووە و "خۆی بە تایبەت کورسییەکەی ژێرپێی زارای دەرکێشاوە تا بۆ چەند چرکەش بووبێت، تەرمی بووکەکەی بە سێدارەوە ببینێت."
 
پێشتر میدیاکانی ئێران رایانگەیاندبوو کە کچەکەی زارا باوکی خۆی کوشتووە، بەڵام گوتبوویان چونکە زارا کوشتنی هاوسەرەکەی لە ئەستۆ گرتووە، دەسەڵاتی دادوەری ئەو سزایەی بەسەردا سەپاندووە. 
 
چالاکڤانانی مەدەنی لەم ماوەدا هەوڵێکی زۆریان دا کە رەزامەندیی بنەماڵەی کوژراوەکە بەدەست بهێنن، بەڵام هەوڵەکانیان سەرکەوتوو نەبوو.