وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر وەڵامی کۆمکاری عەرەبی دەداتەوە

19-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران راگەیێندراوی کۆمکاری عەرەبی لەبارەی سەرکۆنەکردنی هێرشەکەی 15ـی ئەم مانگەی شاری هەولێرەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت: "هێرشەکە پشتبەستوو بووە بە مافی رەوا لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئەندامانەی سەر بە قەوارەی زایۆنین لە هەولێر." 
 
ناسر كەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پاساوی بۆ هێرشەکەی شەوی دووشەممە 15ـی ئەم مانگەی هەولێر هێنایەوە و دەڵێت، "پشتبەستووە بە مافی رەوا لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئەندامە تیرۆریستانەی سەر بە قەوارەی زایۆنی بوون لە هەولێر لە عێراق و ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و هاووڵاتییانی خستبووە مەترسییەوە."
 
كەنعانی دەشڵێت: "کۆماری ئیسلامیی ئێران دوودڵ نابێت لە مامەڵەکردن بەشێوەیەکی تووند لەگەڵ ئەو سەرچاوانەی هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دەکەن، هەروەها لە بەرگریکردن لە ئاسایشی هاووڵاتییانی و سزادانی تاوانباران."
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لەوەکرد کە وڵاتەکەی رێز لە سەروەری و یەکێتیی خاکی عێراق و "دراوسێیتی باش لە پرەنسیپە جێگیرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە لەبارەی عێراقەوە." 
 
بەگوتەی کەنعانی، لە سەردەمی سەرهەڵدان و هێرشەکانی داعش و گرووپە پەڕگیرەکان بۆ سەر عێراق، وڵاتەکەی "پارێزگاری لە ئاسایش و سەروەری و یەکێتی خاکی عێراق کردووە و بەهەموو هێزەوە لەگەڵ حکومەت و گەلی عێراق و هێزە چەکدارەکانی بوون."
 
کۆمکاری عەرەبی لە کۆبوونەوە نائاساییەکەی (چوارشەممە، 17ـی کانوونی دووەمی 2024)ـیدا کە لەسەر داوای عێراق بوو، رایگەیاند، هێرشەکەی ئێران بووەتە هۆی کوشتنی ژمارەیەک هاووڵاتی و زیانگەیاندن بە شوێنی سڤیلنشین، کردەوەکەی بە "هێرشی دوژمنکارانە" بۆ سەر سەروەریی عێراق و ئاسایشی گەلەکەی ناوهێناوە، سەرکۆنەی هێرشەکەشی لە بڕیارێکی حەوت خاڵیدا کرد.
 
سەبارەت بە رێککەوتننامەی نێوان عێراق و ئێران، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: "چاوەڕوانین حکومەتی عێراق بە رێککەوتننامەکەی نێوان هەردوو وڵاتەوە کە ساڵی پار واژۆکراوە پابەند بێت و سەرجەم بڕگەکانی بەتەواوی جێبەجێ بکات."
 
کاژێر 11:30ـی شەوی دووشەممە، 15-01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە 11 مووشەک هێرشی کردە سەر شاری هەولێر، پێنج لەو مووشەکانە بەر ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی کەوتن.
 
بۆردوومانەکە گیانلەدەستدانی پێشڕەو دزەیی و منداڵێکی کە تەمەنی تەنیا چەند مانگانەیە و هاوڕێیەکی و کارگوزارێکی ماڵەکەی لێکەوتەوە، هەروەها 16 کەسیش بەهۆی هێرشەکەوە بریندار بوون.
 
لە دوای هێرشەکە، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەى بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەسەر ئەو هێرشە پێکهێنا و رۆژی سێشەممە، لیژنەکە سەردانى هەولێری کرد و چووە ئەو شوێنانەی بۆردوومان کرابوون. قاسم ئەعرەجی دواتر رایگەیاند، "ئەو شوێنەی بۆردوومان کراوە بەپێچەوانەی بانگەشەکان، بارەگای مۆساد نەبووە."
 
هێرشەکانی ئێران کاردانەوەی گەورەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییان بەدوای خۆیاندا هێنا. نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا، چین، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و فینلاند لەسەر ئاستی جیا سەرکۆنەیان کرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە