نرخی ئۆتۆمبێلی ئێرانی تاوەکو 33٪ زیاد دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دوای دوو مانگ ئەگەر و رەتکردنەوە، نرخی نوێی ئۆتۆمبێلی بەرهەمی نێوخۆی ئێران راگەیێندرا. نرخی جۆرە جیاوازەکانی ئۆتۆمبێلی ئێرانی 23 تاوەکو 33٪ هەڵکشاوە. تێچووی کاروباری تۆمارکردن، ژمارەکردن و بیمەش، دەچێتە سەر نرخی کۆتایی ئۆتۆمبێلەکان.
ئەسەد کەرەمی، سەرۆکی سەندیکای خاوەن نووسینگەکانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە تاران دەڵێت، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی بازاڕی ئۆتۆمبێل سستە، بەرزکردنەوەی 30٪ـی نرخی ئۆتۆمبێل لەلایەن کۆمپانییەکانەوە، رەنگە نرخی ئۆتۆمبێل لە بازاڕی ئازاددا بەڕێژەی 10٪ گران بکات.
کۆمپانییەکانی ئێران خۆدرۆ و سایپا، دوو بەرهەمهێنەری سەرەکیی ئۆتۆمبێلن لە ئێران. لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی چواردەیەمی حکومەت، بەڕێوەبەرانی ئەو دوو کۆمپانییە، لە کۆبوونەوە لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی ئابووریی حکومەت، داوایان کردبوو پێداچوونە بە نرخی ئۆتۆمبێلدا بکرێت. حکومەتیش داواکارییەکەیانی پەسند کرد.
موجتەبا قاسمی، مامۆستای زانکۆی بەهەشتی لە تاران دەڵێ "هەر ئۆتۆمبێلێک بەشێوەی مامناوەند 2500 دۆلار سوودی بۆ تۆیۆتا هەیە، بەڵام لێرە لە ئێران، کۆمپانیاکان کە تەنیا مۆنتاژکارن، لە هەر ئۆتۆمبێلێکدا لانیکەم 10 بۆ 12 هەزار دۆلار قازانج دەکەن. تۆیۆتا لە دروستکردنی لێگزز 2500 دۆلار سوود دەکات، ئەمانە بۆ فۆنیکس و پرۆ و ئەو شتانە لانیکەم 10 هەزار دۆلار سوود لە بەکارهێنەری فەقیر وەردەگرن."
هۆکاری ئەم جیاوازییە ئەوەیە؛ حکومەتی ئێران رێوشوێنی تووندی لەسەر هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل داناوە. گومرگی ئۆتۆمبێلی نوێ زۆرە و بڕیاری هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی بەکارهاتووش جێبەجێ ناکرێت. خەڵک ناچارن، ئۆتۆمبێلی کوالێتی نزم، بە نرخێکی گران بکڕن.