ئەندامێکی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران: پێویستە بەرەو دروستکردنی چەکی ئەتۆمی هەنگاو بنێین

 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی تاران، کە هاوکات ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێرانە، داوای گۆڕینی سیاسەتی بەرنامەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی دەکات و دەڵێت، "بۆ دروستکردنی هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا پێویستە ئێران بەرەو دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی هەنگاو بنێت."
 
ئەحمەد نادری، پەرلەمانتاری تاران و ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئیلنای ئێرانی رایگەیاند، دوای کوژرانی حەسەن نەسرۆڵڵا، ئەمینداری پێشووی حیزبوڵڵای لوبنان، پێویستە گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئەتۆمیی ئێراندا بکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد، چەندین جار لە کۆبوونەوەکانی پەرلەماندا باسی ئەو بابەتەی کردووە.
 
ئەحمەد نادری دەڵێت، "پێم وایە پێویستە بەرەو گۆڕینی سیاسەتی ئەتۆمی و سەربازی هەنگاو بنێین. پێم وایە دەبێت بەرەو تاقیکردنەوەی بۆمبی ئەتۆمی هەنگاو بنێین و هیچ رێگەیەکی دیکەمان نییە، چونکە هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا تێکچووە."
 
ئەندامەکەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران بە ئاماژەدان بە ئیسرائیل کە تاکە وڵاتی خاوەن چەکی ئەتۆمییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوتی، "لایەنی بەرامبەر (ئیسرائیل) ژمارەیەکی نادیار کڵاوەی ئەتۆمی هەیە کە ئەگەر بیەوێت دەتوانێت لە هەر شوێنێک و لە هەر ساتێکدا بەکاریانبێنێت، بۆیە هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی چەکێکی گونجاو و بەرامبەرمان نەبێت. پێویستە بەرەو ئەو ئاراستەیە بچین."
 
بە گوتەی ئەحمەد نادری، هەنگاونانی ئێران بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی داوکاریی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسان و هاووڵاتیانە و بە مەبەستی دروستکردنی هاوسەنگیی هێز و رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی سەر ئێرانە.
 
سەبارەت بە ئەگەری کاردانەوەی تووندی جیهان لە بەرامبەر گۆڕینی سیاسەتی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، ئەو پەرلەمانتارە ئێرانییە رایگەیاند، "ئەگەر مەبەست ئەمریکا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی بێت، ئەوا هیچ شتێک نەماوە کە دژی ئێمە نەیکەن، بۆیە کاردانەوەی ئەوان بەلامانەوە گرنگ نییە؛ ئەوەی گرنگە پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتیانی خۆمانە."
 
ئەحمەد نادری دەڵێت، "لە ماوەی ئەم ساڵانەدا بەرنامە ئەتۆمییەکەمان چەندین هێندەی تێچووی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی لەسەرمان کەوتووە، بەڵام هیچ ئەنجامێکی لە بواری دابینکردنی ئاسایش بۆ ئێمە بەدەستنەهێناوە."
 
پێشتر کەمال خەرازی، راوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کە هاوکات سەرۆکی ئەنجوومەنی ستراتیژیی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەو وڵاتەیە، باسی لە توانای ئێران بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی کردبوو و رایگەیاندبوو، تەنیا بەهۆی فەتوای عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە چەکەکەیان دروست نەکردووە.
 
کەمال خەرازی سەرەتای ئەم مانگە لە لێدوانێکدا بۆ میدیای لوبنانی رایگەیاند،"ئەگەر هەڕەشە لە سەر مانەوەمان هەبێت، ئێران سیاسەتە ئەتۆمییەکەی دەگۆڕێت. ئێمە توانای پێویستمان بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی هەیە و لەو بارەیەوە هیچ کێشەیەکمان نییە. ئێستا تەنیا فەتوای رێبەر ئەو بابەتەی (دروستکردنی چەکی ئەتۆمی) قەدەخە کردووە."