ئێران: سبەی دوایین رۆژی رێککەوتنی ئەمنیمانە لەگەڵ عێراق و چاوەڕێی جێبەجێکردنی دەکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، سبەی دوایین رۆژی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان تاران و بەغدایە تایبەت بە هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و چاوەڕوان دەکەن حکومەتی عێراق وەکو خۆی جێبەجێی بکات.
 
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە 18-09-2023 لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەی خۆیدا لە تاران لەبارەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان قسەی کرد و گوتی، هەبوونی ئەو هێزانە لە هەرێمی کوردستان "پێچەوانەی ئاسایشی سنووریی نێوان هەردوو وڵاتە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ لایەنی عێراقی ئاماژەی بەوە کردووە کە "کۆماری ئیسلامی بوونی ئەو هێزانە قبووڵ ناکات" و گوتیشی، حکومەتی عێراق رایگەیاندووە کە پابەندی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵاتە و تارانیش چاوەڕێی جێبەجێکردنی دەکات.
 
رۆژی 19ی ئاداری 2023 عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەوکاتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە بەغدا رێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵاتیان واژۆ کرد و یەکێک لە خاڵەکانی تایبەت بوو بە دوورخستنەوەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان.
 
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رۆژی چوارشەممە 13ی ئەیلوول گەیشتە تاران و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران دا کۆبووەوە و گوتی، لە دوایین قۆناخی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەدان، گوتیشی، "گرووپە جیاوازەکان لە سنووری عێراق و ئێران لە چەک داماڵدراون، کەمپ دروستکراوە و دەبێتە کەمپی پەنابەران. ئەو کەمپانە لە داهاتوودا لەلایەن ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان یان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بەڕێوەدەبرێن".