لە ئێران نرخی تایە زۆر بەرزبووەتەوە و بەزەحمەت دەستدەکەوێت

19-09-2018
رووداو @Rudawkurdish
ماددەی خاوی تایە لە دەرەوە هاوردەدەکرێت
ماددەی خاوی تایە لە دەرەوە هاوردەدەکرێت
نیشانەکردن تایە ئێران
A+ A-

رووداو - هەولێر

لە ئێران تایەی ئۆتۆمبێل نرخی چەندقات بەرزبووەتەوە و، زۆربەی خاوەن ئۆتۆمبێلەکان توانای کڕینیان نییە، ئەمەش جگە لەوەی بەزەحمەت دەستدەکەوێت. 

داود سەعادەتی نەژاد، سەرۆکی یەکێتی فرۆشیارانی تایە (تەگەر) و پەنچەرچییەکانی تاران دەڵێ: داواکاریی لە بازاڕ زۆرە، بەڵام تەگەر لە بازاڕ کەمە، کارخانەکان بە رادەی پێویست تەگەر بەرهەمناهێنن.

چالاکڤانانی ئەم بوارە، بەشێک لە هۆکاری ئەم کێشەیە بۆ گومرگ دەگەڕێننەوە. نزیکەی نیوەی تایەی بازاڕی ئێران هاوردەیە. گومرک هەم رێگە بە هاوردەکردنی نادات، هەم رێگەش بە هاوردەکردنی ماددەی خاوی کارخانە ناوخۆییەکانی بەرهەمهێنەری تایەش نادات.

45%ـی ماددەی خاوی تایە لە وڵاتانی دیکەوە هاوردە دەکرێ. بە دابەزینی بەهای تمەن، کارخانەکان پارەیان نەماوە، ئەم ماددە خاوە هاوردە بکەن. 

مستەفا تەها، گوتەبێژی ئەنجوومەنی پیشەیی بەرهەمهێنەرانی تایە دەڵێ: تایە لە 90 ماددە پێکدێ، کە ئەگەر تەنیا یەکیان نەبێت، تایەش دروست نابێت. ئەمە وایکردووە بەرهەمی کارخانەکان بەڕێژەی 25% دابەزێت.

وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی ئێران بۆ ئارامڕاگرتنی بازاڕ هەناردەی تایەی قەدەخەکردووە. حەمید گەرمابی، پەرلەمانتار دەڵێ: ئەگەر کەلوپەلە هەرە پێویستەکانی وڵات هەناردە بکرێت، کێشەمان بۆ دروست دەبێت، پڕکردنەوەی پێویستیی بازاڕی ناوخۆ گرنگە و قەدەخەی هاوردەکردنی تایەش هەر بۆ ئەم مەبەستەیە".

بەهۆی ئەم رەوشەوە ئێستا زۆر کەس لە ئێران پێیان باشترە ئۆتۆمبێلەکانیان رابگرن، نەوەک سەفەرێک بە دوودڵی بکەن. 

 

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە