ئیتڵاعاتی ئێران: لەسەر هێرشەکانی شیراز 196 کەس دەستگیرکراون یان کوژراون

18-08-2023
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران رایگەیاند، پاڵپشتیکاری سەرەکیی هێرشەکەی ئەمدواییەی سەر مەزارگەی شاهچراغی شاری شیراز "کە پەیوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ سەرکردەکانی داعش هەیە"، دەستگیر کرا. دەشڵێت، پەیوەندیدار بە هەردوو هێرشەکەی ئەمساڵ و ساڵی رابردوو، 196 کەس دەستگیر کراون یان کوژران.
 
ئەمرۆ هەینی، 18-8-2023، وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران لەبارەی هێرشەکەی ئەمدواییەی شاری شیراز راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "هێرشکارەکە خەڵکی تاجیکستانە و لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تەلەگرامەوە پەیوەندی بە ریزەکانی داعشەوە کردووە و دواتر چووەتەوە تورکیا و پاکستان و لەوێوە چووەتەوە ئەفغانستان و لە ویلایەتی بەدەخشان راهێنانی پێکراوە، دواجار لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی ئێرانەوە بە شێوەیەکی نایاسایی هاتووتە نێو ئەو وڵاتە."
 
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، هێرشکارەکە لەنێو ئێران لە رێگەی تەلەگرام پەیوەندی بە سەرپەرشتیارانی هێرشەکەوە دەکات و دوای ئەوەی چەکی بۆ دابین دەکرێت، لە رۆژی 13-8-2023 هێرشەکە دەکات. ئاماژە بە دەستگیرکردنی کەسێکیش لە نێوخۆی ئێران کراوە کە بەپێی وەزارەتی ئیتڵاعات، "رۆڵی سەرەکی بینیوە لە هێرشەکەی شاری شیراز و پەیوەندیی راستەوخۆی هەبووە لەگەڵ بەرپرسی هێرشەکانی داعش لە سووریا و ئەفغانستان."
 
سەبارەت بە هێرشەکەی ساڵی رابردووش، وەزارەتی ئیتڵاعات دەڵێت، "پێش هێرشەکەی ساڵی رابردووی شاری شیراز، تیرۆریستەکان پلانیان دانابوو بۆ چەندین هێرشی تیرۆریستی بۆسەر مەزارگە و شوێنە ئایینیەکانی ئێران، بەڵام بە وریایی هێزە ئەمنییەکان رێگری لەو هەوڵانە کرا، ئەمەش سەرکردەکان و دروستکەرانی تیرۆریزمی تەکفیری هاندا بۆئەوەی ستراتیژی خۆیان بگۆڕن و تیرۆریستی بیانی بنێرنە ئێران."
 
ئاماژەش بەوە دەکات کە پەیوەندیدار بە هێرشەکەی ساڵی رابردووی شیراز "بە گشتی 26 تیرۆریست دەستگیر کران کە سەرجەمیان بیانی و هاونیشتمانیی ئازەربایجان، تاجیکستان و ئەفغانستانن."
 
وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران هەروەها ئاماژە بە کاتی هەردوو هێرشەکە دەکات و دەڵێت، ساڵی رابردوو لە کاتی بەرێوەچوونی خۆپێشاندانەکانی ناڕەزایەتیی خەڵك کە لە راگەیێندراوەکەدا وەکو "پشێوی دروستکراو لە لایەن دوژمنەوە" ناوی لێنراوە، هێرشەکە کرا و ئەوەی ئەمساڵیش هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی خۆپێشاندانەکان. باسی ئەوەش دەکات لەسەر هەردوو هێرشەکە "196 تیرۆریست" دەستگیر کراون یان کوژراون.
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ئیتڵاعات، لە چەند مانگی رابردوودا چەندین هەوڵ لە ناوخۆی ئێران لەلایەن هێزەکانیانەوە پووچەڵکراونەتەوە و دەڵێت، لە دۆسیەی دەستبەسەرداگرتنی 47 بۆمبەکەدا لە حەوت پارێزگا، 14 تیرۆریست کە ئامادەی ئەنجامدانی هێرش بوون، دەستگیر کران.
 
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 13-08-2023، لە شاری شیرازی ناوەندی پارێزگای فارسی ئێران، چەکدارێک هێرشیکردە سەر مەزارگەی شاهچراغ و تەقەی لە کارمەندان و زیارەتکارانی مەزارگەکە کرد و لە ئەنجامدا کەسێک کوژرا و 8 کەسیش بریندار بوون. دواتر یەکێک لە بریندارەکان گیانی لەدەستدا.
 
تشرینی یەکەمی 2022ش لە هێرشێکدا بۆسەر هەمان مەزارگە، 13 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 20 کەسیش بریندار بوون. ئەوکات، رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشەی لەئەستۆ گرت.
 
دادگەی شۆڕشی شیراز سزای لەسێدارەدانی بەسەر دوو هاووڵاتیی ئەفغانستانیدا بە ناوەکانی محەممەد رامز رەشیدی و نەعیم هاشم قیتالی سەپاند و لە 8-7-2023 هەردوو کەس لە شوێنێکی گشتی شاری شیراز لەسێدارەدران.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە