جەواد زەریف: ئەمریکا و ئیسرائیل وڵاتانی ناوچەکە فریودەدەن
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دەداتە وڵاتانی ناوچەکە لە "فێڵێک"ی ئەمریکا و ئیسرائیل و دەڵێت، ئەو دوو وڵاتە فریوی وڵاتانی ناوچەکە دەدەن.
محەمەد جەواد زەریف رایگەیاند، بە ترساندنی وڵاتانی ناوچەکە لە ئێران و پێشاندانی ئیسرائیل وەک چەترێکی ئەمین، ئەمریکا و ئیسرائیل وڵاتانی ناوچەکە فریو دەدەن.
جەواد زەریف گوتیشی: "ئیسرائیل کە 200 کڵاوی ئەتۆمی هەن نەیتوانی لە بەردەم حەمماس و حیزبوڵڵای لوبناندا بەرگری لە خۆی بکات، ئیدی چۆن وڵاتانی ناوچەکە هیوایان بەو وڵاتە هەیە بەرگرییان لێبکات".
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختدەکاتەوە، سیاسەتی ئێران لە پاڵپشتیکردنی بەرهەڵستکاری، ئەو وڵاتەی بۆ هێزێکی چالاکی ناوچەکە گۆڕیوە، گوتیشی: "ئەو سیاسەتەی ئێران تەنیا بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی نەبووە، بەڵکو بنچینەیەک بووە بۆ هیوا و خواستەکانی کە لەگەڵ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی یەکیان گرتووە".
جەواد زەریف پشتیوانی خۆی بۆ هێزە وەکیلەکانیان لە دەرەوەی ئێران دەربڕی و گوتی: "هاوڕێکانمان لە ناوچەکە ئامرازی بەردەستمان نین، بەڵکو پێکهاتەی هێزی ئێرانن"، ئەوەش بەگوتەی جەواد زەریف، پێچەوانەی روانینی سعودییە و ئیماراتە کە گەلانی ناوچەکە بە ئامرازی بەردەستیان دەبینن.
گوتیشی: "وێڕای ئەو هەموو خەرجییانەی کە سعودیە و ئیمارات لەناوچەکەدا کردوویانە هێشتا لە ئاست ئێران ئیرەیی دەبەن".
جەواد زەریف داوای لە سعودیە و ئیمارات کرد روانینیان لەئاست گەلانی ناوچەکە بگۆڕن و گوتی: "گەلانی ناوچەکە ئامرازی بندەستی ئێوە و بریکارەکانتان نین، بەڵکو ئەوان سەربەخۆن".