کوردێکی سوننە کرایە ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی قۆناخی راگوزەری ئێران

رووداو دیجیتاڵ
 
چالاکڤانێکی کوردی سوننە کرایە ئەندامی سەرەکیی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی قۆناخی راگوزەر کە لەلایەن سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئێران بۆ دیاریکردنی ئەندامانی کابینەکەی پێکهاتووە.
 
بە بڕیاری مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئێران، محەممەدرەئوف قادری، پەرلەمانتاری پێشووی پاوە، جوانڕۆ، روانسەر و سەلاسی باوەجانی وەکو ئەندامی سەرەکیی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی قۆناخی راگوزەر دەستنیشانکرا.
 
محەممەدرەئوف قادری ساڵی 1963 لە روانسەری پارێزگای کرماشان لەدایکبووە و لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی ئێران، لە نێوان ساڵەکانی 1996 تاوەکو 2000، پەرلەمانتاری شارەکانی پاوە، جوانڕۆ، سەلاسی باوەجانی و روانسەر بووە. قادری هەروەها یەکێک بوو لە ئەندامانی خولی یەکەمی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەریی بەرەی یەکگرتووی کورد کە ساڵی 2005 دامەزرا. لە ساڵانی دواتریشدا لەنێو رەوت و حیزبە سیاسییە ریفۆرمخوازەکانی ئێراندا چالاک بووە.
 
محەممەدرەئوف قادری ساڵی 2023 و بۆ خولی دوازدەیەمی پەرلەمانی ئێران لە بازنەی پاوە، جوانڕۆ، سەلاسی باوەجانی و روانسەر خۆی بەربژێر کردبوو، بەڵام دەنگی پێویستی بەدەستنەهێنا. لە کەمپینی هەڵبژاردنی مەسعود پزیشکیانیشدا وەکو بەرپرسی کاروباری نەتەوە و سوننە مەزهەبەکان دیاریکرابوو.
 
جەلال مەحمودزادە، راوێژکاری مەسعود پزیشکیان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا و پەرلەمانتاری پێشووی مهاباد ئەمڕۆ پێنجشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، مەسعود پزیشکیان بڕیاریداوە لە پێکهاتەی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی قۆناخی راگوزەردا کەڵک لە چەند کەس لە شارەزایانی سوننە و کورد وەربگرن.
 
هەروەها جەلال جەلالیزادە، پەرلەمانتاری پێشووی سنە بە میدیاکانی راگەیاند، بڕیاردراوە چالاکڤانێکی بەلوچی سوننەش بە پێکهاتەی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی قۆناخی راگوەزەر زیاد بکرێت.