پۆلیسی رەوشتی ئێران ژنانی 'پابەندنەبوو بە باڵاپۆشی ناچاری' دەستبەسەر دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

راگەیاندنە فەرمییەکانی ئێران یەکەمین ڤیدیۆی جێگیربوونەوەی پۆلیسیان لە شەقامەکان و سەرکوتی ژنانی پابەندنەبوو بە باڵاپۆشی ناچاری بڵاوکردەوە. بڕیاری گەڕانەوەی پۆلیس بۆ شەقامەکان کاردانەوەی زۆری بەدواوە بووە. 
 
مەسعود پزیشکیان، پەرلەمانتاری ئێران دەڵێت، جێگیرکردنەوەی پۆلیس لە شەقامەکان کێشە دروست دەکات. گوتیشی: کاتێک خەڵک ئێمەیان بە دڵ نییە، ئەگەر بە زۆریش بە خەڵک بڵێین دەبێت وەک ئێمە بن، قبووڵی ناکەن.
 
محەممەد خاتەمی، سەرۆککۆماری پێشوی ئێران گوتوویەتی: سەرلەنوێ چالاکبوونەوەی پۆلیسی رەوشت و هەڵسوکەوتی پۆلیسی و سەپاندنی سزا بەسەر ژناندا، مەترسی رووخانی کۆماری ئیسلامی بە دەستی خۆمان زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە دەبێت. 
 
گەڕانەوەی پۆلیس بۆ شەقامەکان بەهۆی لێکەوتە و کاردانەوەی کۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسییەکانییەوە، وادیارە ناکۆکی لەنێوان دامودەزگا جیاوازەکاندا دروستکردووە و ئامادەنین بەرپرسیاریەتییەکەی بکەوێتە ئەستۆیان. 
 
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاویکردووەتەوە، سەرۆککۆمار و دەسەڵاتی دادوەریی رۆڵیان لە چالاکبوونەوەی پۆلیسی رەوشتدا نەبووە. لە بەرامبەردا گوتەبێژی پۆلیس باسی لە رۆڵی ئەوان کردبوو.
 
سەعید مۆنتەزرئەلمەهدی، گوتەبێژی پۆلیسی ئێران گوتی، "پۆلیس دوابەدوای داواکاری خەڵک و دامەزراوە جیاوازە کۆمەڵایەتییەکان و پێداگری سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمان بۆ پەرەپێدانی ئاسایشی گشتی و پتەوکردنی خێزان، ناچار هێزەکانی لە شەقامەکانی هەموو شارەکانی وڵاتدا جێگیر دەکاتەوە."
 
حوسێن ئەحمەد فەلاحی، پەرلەمانتار دەڵێت: هەندێ کەس رێوشوێنە کۆمەڵایەتییەکان پێشێل دەکەن و دەبێت رێکاری یاسایی بەرامبەریان بگیرێتەبەر. بۆ پاراستنی ئاسایشی بڕواداران دەبێت پارێزەرێک هەبێت.
 
حوسێن عەلی حاجی دلیگانی، پەرلەمانتاری ئێرانیش، جێگیربوونەوەی پۆلیسی رەوشت لە شەقامەکان، بە کارێکی "زۆر راست دەزانێت" و دەڵێت: کۆمەڵگە رێکخستنی دەوێت و پۆلیسی رەوشت دەبێت بەرەنگاری دوژمنانی دین و وڵات بێتەوە.
 
چالاکییەکانی پۆلیسی رەوشت ساڵی رابردوو دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی و دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان راگیرا. 
 
حکومەتی ئێران لەم رۆژانەدا پرۆژەیاسایەکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو کەسانەی پابەندی باڵاپۆشی ناچاری نین، پێشکێش بە پەرلەمان کردووە.
 
محەممەدباقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، "هیچ قسەیەک لەوەدا نییە ئەم پرۆژەیاسایە گرنگە. دەڵێین دەسەڵات بە پۆلیس بدرێ، پۆلیس جێبەجێکارە. پۆلیس ناتوانێت بڕیار دەربکات، ناتوانێت شوێنێک دابخات، ئەمە پێچەوانەی یاسای بنەڕەتییە."
 
لە بەرامبەردا، پۆلیس پێش ئەوەی چاوەڕوانی دەرچوونی یاسا بێت، دیسان هاتەوە سەر شەقامەکان بۆ ئەوەی ژنان ناچار بکات پابەندی باڵاپۆشی پەسندکراوی دەسەڵات بن. بابەتێک کە زۆر لە لایەنگرانی دەسەڵات ترسیان لەوەیە گوشارەکانی سەر ژنان دیسان ناڕەزایەتییەکی دیکەی لێبکەوێتەوە.