ئاگر لە نەخۆشخانەیەکی پێشکەوتووی ئێران کەوتەوە و 9 کەس گیانیان لەدەستدا

18-06-2024
هیدایەت جان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە ئاگر لە نەخۆشخانەی قایمی شاری رەشتی پارێزگای گیلان لە ئێران کەوتەوە، بەڕێوەبەری تەندروستیی پارێزگاکەش دەڵێت، نۆ نەخۆش گیانیان لەدەستداوە.
 
رۆژی سێشەممە 18ی حوزەیرانی 2024 ئاگر لە نەخۆشخانەی 250 قەرەوێڵەیی قایم لە شاری رەشتی پارێزگای گیلانی ئێران کەوتەوە کە 142 نەخۆشی تێدا خەوێندرابوو.
 
دکتۆر محەممەد تەقی ئاشووبی، بەڕێوەبەری تەندروستیی پارێزگای گیلان بە میدیاکانی راگەیاند، "نەخۆشخانەکە تایبەتە و لەکاتی ئاگرکەوتنەوەکە 142 نەخۆشی تێدا خەوێندرابوو، لەو ژمارەیە 109 نەخۆشیان لە بەشی ئاسایی نەخۆشخانەکە و 33 کەسیشیان لە بەشی چاودێریی چڕدا خەوێندرابوون."
 
سەبارەت بە هۆکار و زیانەکانی ئاگرەکە، دکتۆر محەممەد تەقی ئاشووبی گوتی، "لە رووداوەکەدا نۆ نەخۆش گیانیان لەدەستداوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هۆکاری راستەقینەی مردنەکەیان دیار نییە و تیمێکی تایبەت لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە تاوەکو بزانرێت لەکاتی گواستنەوەدا گیانیان لەدەستداوە یاخود بەهۆی ئاگرەکەوە بووە."
 
هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی رەشت رایگەیاندووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگرێکی گەورە لە نەخۆشخانەی قایم کەوتەوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانیان سەرجەم نەخۆشەکان بۆ چەند نەخۆشخانەی دیکەی شارەکە بگوازنەوە، دوای دوو کاژێر ئاگرەکەش بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵ بکەن.
 
نەخۆشخانەی نێودەوڵەتیی قایمی شاری رەشت نەخۆشخانەیەکی تایبەتی 250 قەرەوێڵەییە لە پارێزگای گیلانی باکووری ئێران و بە یەکێک لە نەخۆشخانە پێشکەوتووەکانی ئەو وڵاتە ناسراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە