شەڕ لەنێوان سوپای پاسداران و هێزێکی چەکدار دروستبوو؛ کوژراو و بریندار هەن

 
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی گشتیی پاسەوانی سنووری سوپای پاسداران لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان رایگەیاند، شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانیان و گرووپێکی چەکدار لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان روویداوە و کوژراو و بریندار هەن.
 
رۆژی یەکشەممە 18ی حوزەیرانی 2023 رەزا شوجاعی، فەرماندەی گشتیی پاسەوانی سنووری سوپای پاسداران لە پارێزگای سیستان و بەلوچستانی ئێران بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، گرووپێکی چەکدار لە سنوورەکانی سیستان و بەلوچستان پەڕیونەتەوە نێو خاکی ئێران و کەوتوونەتە بۆسەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور.
 
بە گوتەی ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران، دوای شەڕ و پێکدادانی هێزەکانیان لەگەڵ ئەو گرووپە چەکدارە، توانیویانە کەسێکیان لێ بکوژن و چەند کەسێکی دیکەشیان لێ بریندار بکەن. دەشڵێت، دوای ئەوەی چەکدارەکان زانیویانە ناتوانن پێشڕەوی بکەن، پاشەکشەیان کردووە و خاکی ئێرانیان جێهێشتووە.
 
پارێزگای سیستان و بەلوچستان دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ئێران و لەگەڵ وڵاتانی ئەفغانستان و پاکستان هاوسنوورە، لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا چەندین رووداوی شەڕ و پێکدادانی خوێناوی لەو سنوورە روویانداوە.
 
دوا پێکدادان لە رۆژی 21-05-2023 لەنێوان هێزەکانی سوپای پاسداران و بزووتنەوەی جەیش عەدل لە سنووری نێوان ئێران و پاکستان روویدا و لە ئەنجامدا پێنج ئەندامی سوپای پاسداران کوژران، جەیش عەدل بزووتنەوەیەکی رزگاریخوازی نەتەوەی بەلووچە و خۆی وەکو سوپای دادپەروەری و یەکسانی سوننە مەزهەب پێناسە دەکات.