پێنج کەشتی نەوتی ئێرانی بەرەو ڤەنزوێلا بەڕێکەوتوون و تاران هۆشداریی دەداتە ئەمریکا

18-05-2020
دیار کوردە @diyarkurda
نیشانەکردن نەوت ئێران
A+ A-
رووداو-هەولێر

پێنج کەشتی نەوتی ئێرانی بەرەو ڤەنزوێلا بەڕێکەوتوون کە بەبەهای 45.5 ملیۆن دۆلار سووتەمەنییان هەڵگرتووە. ئێران هۆشداریی دەداتە ئەمریکا کە هیچ جووڵەیەک دژی ئەو کەشتیانە نەکات.

میدیای ئەمریکا بڵاویان کردووەتەوە، پێنج کەشتیی نەوتی ئێرانی کە چەند بەرهەمێکی نەوت و گازیان هەڵگرتووە بەرەو ڤەنزوێلا بەڕێکەوتوون، ئەمەش سەرباری سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر تاران و رێگریکردن لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران.

چوونی ئەم پێنج کەشتییە نەوتییەی ئێران بۆ ڤەنزوێلا، لەسەر داوای حکومەتی ڤەنزوێلا و خودی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ئەم وڵاتە بووە.

کەشتییەکان سەر بە حکومەتی ئێران و ئەو کۆمپانیایانەن کە نزیکن لە حکومەتی ئێران، ئاڵای ئێرانیان بەسەرەوەیە، لە بەندەر عەباسەوە بەڕێکەوتوون و بە نیمچە دوورگەی عەرەبی و دواتریش بە نۆکەندی سوێسدا بەرەو دەریای ناوەڕاست و لەوێشەوە بۆ دەریای کاریبی دەڕۆن.

لەبارەی چوونی ئەم پێنج کەشتییە نەوتییە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران نامەیەکی ئاراستەی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد و تێیدا هۆشداری دا لە دەرهاویشتەکانی نیازی ئەمریکا بە ئەنجامدانی جووڵەیەک دژی کەشتییە نەوتییەکانی لە ناوچەی کاریبی لە ئەمریکای باشوور.

محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران نامەیەکی ئاراستەی ئەنتۆنیۆ گۆترێس، سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە و لەبارەی ناردنی هێزی دەریایی لەلایەن ئەمریکا و بەربەست دروستکردن لە گواستنەوەی سووتەمەنی لەلایەن ئێران بۆ ڤەنزوێلا هۆشداریی داوە. 
 
زەریف لە نامەکەیدا، ئەم هەنگاوەی ئەمریکای بە کاری چەتەی دەریایی شوبهاندووە و بە مەترسییەکی گەورە بۆ ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی ناوبردووە و داوایکردووە ئەمریکا رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە کەشتیوانی بگرێت.
 
هەروەها عەباس عێراقچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێرانیش باڵیۆزی سویسرای لە تاران بانگهێشت کردووە کە پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایە لە ئێران و داوایکردووە هۆشداری جیدی کۆماری ئیسلامی ئێران لەمبارەوە بە ئەمریکا رابگەیێنێت. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە