لە ئێران لە دوو رۆژدا 45 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە

شوێنی رووداوێکی هاتووچۆ لە ئێران
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران رایگەیاند، لە دوو رۆژی رابردوودا لە رووداوەکانی هاتووچۆ لە رێگەوبانەکانی دەرەوەی شارەکانی ئێران، 45 کەس گیانیان لەدەستداوە و 1161 کەس بریندار بوون.
 
ئەحمەد کەرەمی ئەسەد، سەرۆکی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران هۆکارەکانی زۆربوونی رووداوی هاتووچۆی بۆ زۆربوونی گەشت بەهۆی جەژنی نەورۆز، خێرایی زیاد و گرنگی نەدان بە یاساکانی شۆفێری گەڕاندەوە.
 
ساڵانە لە ئێران لەگەڵ دەستپێکردنی پشووەکانی نەورۆز رووداوەکانی هاتووچۆ زیاد دەکەن.
 
بەپێی ئامارەکان، ساڵی رابردووی هەتاوی بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە 20 هەزار و 45 کەس گیانیان لەدەستدابوو.
 
بە گوتەی سەرۆکی زانکۆی پزیشکی بەهەشتی، رووداوەکانی هاتووچۆ لە ئێران پاش نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە، سێیەمین هۆکاری گیانلەدەستدانە لە ئێران. هەروەها ساڵانە نزیکەی 60 هەزار کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە ئەندامێکی جەستەیان لەدەست دەدەن.