دۆخی ئابووری لە ئێران کاریگەریی لەسەر ئامادەکارییەکانی نەورۆز داناوە
رووداو دیجیتاڵ
بازاڕی تەجریش لە باکووری تاران رەنگە قەرەباڵخ دەربکەوێت، بەڵام کەم لەوانەی چوونەتە بازاڕەکە کڕیارن. خراپیی دۆخی ئابووری لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کاریگەریی لەسەر ئامادەکارییەکانی نەورۆز داناوە.
ئەم ساڵ هاوکاتبوونی رەمەزان و نەورۆز، رەنگە هێندەی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و کەلوپەل خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی لە ئامادەکاری بۆ نەورۆز سارد نەکردبێتەوە.
ئەشغی، خانەنشین دەڵێت، "ئەم ساڵ پێموانییە بەهۆی بەرزیی نرخەکانەوە هیچ بکڕم." ئەفشار، هاوڵاتیی ئێرانی ئاماژە بەوە دەکات، "نرخەکان زۆر گۆڕان بەراورد بە ساڵی رابردوو؛ ئەم ساڵ نرخەکان 100% بەرزبوونەتەوە."
بەگوێرەی میدیاکانی ئێران، هەڵاوسان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان 44%ە. سندووقی نەختی نێودەوڵەتیش دەڵێت، ساڵی رابردوو ئابووریی ئێران 5.4% گەشەی کردووە و ئەم ساڵیش پێشبینی دەکەن 3.7% گەشە بکات.
بەڵام دابەزینی بەهای تمەن و سزاکانی رۆژئاوا، وەکو بەرپرسانی ئێران دەڵێن، هۆکاری نەهامەتییە ئابوورییەکانی ئێرانییەکانە.
کەربەلایی، مامۆستای خانەنشین باس لەوە دەکات، "گۆشتی سور و گۆشتی مریشک، کە بە پێداویستیی رۆژانە دادەنرێن، کڕينیان لە توانای خەڵکدا نەماوە."
ساڵانە لەسەر ئاستی جیهاندا لە وڵاتانی ئێران، ئەفغانستان، کازاخستان و چوار پارچەی کوردستان، نزیکەی 300 ملیۆن کەس بەشداری لە بۆنەکانی جەژنی نەورۆز دەکەن.