وەزارەتی دەرەوەی ئێران: لە هەر شوێنێک زیان بە بەرژەوەندییەکانمان بگەیێندرێت بێ وەڵام نابێت

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکە لە هەر شوێنێکی جیهانەوە، "بێ وەڵام نابێت و، هێزە دەریاییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران وەڵامی هەر کردەوەیەک دەدەنەوە کە لەگەڵ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانمان ناکۆک بێت."
 
رۆژی یەکشەممە، 18ی شوباتی 2024، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە دووەمین رۆژی کۆڕبەندی نەتەوەیی بۆ روونکردنەوەی رەهەند و دەستکەوتەکانی گرووپی کەشتیگەلی 86ی هێزی دەریایی سوپای ئێران لە تاران رایگەیاند، "گەل و حکومەتی ئێران هەمیشە شانازی بە ئازایەتی و دەستکەوتەکانی هێزە چەکدارەکانیان و بە تایبەت هێزە دەریاییەکانیان دەکەن."
 
ناسر کەنعانی ئاماژە بە ئەرکی گرووپی کەشتیگەلی جەنگی 86ی هێزی دەریایی سوپای ئێران بۆ سووڕانەوە بە دەوری جیهاندا کرد کە 8 مانگی خایاند و ئەو کارەی وەک "خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی کەشتیوانی دەریایی و هێزی دەریایی ئێران" ناوبرد. 
 
کەنعانی گوتی، "ئەم هەنگاوە بە گوتەی رێبەری شۆڕشی ئیسلامی، بوونی بەهێزی ئێران لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا نیشان دەدات، کە ئەمەش بەدیهێنەری ئاسایش و سەقامگیری لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندایە."
 
سوپای ئێران لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، گرووپی کەشتیگەلی جەنگی 86ی هێزی دەریایی سوپای ئێران کە لە دوو کەشتی گەورەی جەنگیی ئێرانی بە ناوەکانی دنا و مەکران پێکهاتووە، لە ئەرکێکی سەربازیدا لە پاییزی ساڵی 2022 لە شاری بەندەرعەباسی ئێرانەوە بەڕێکەوت و لە ماوەی 8 مانگدا دەریا و زەریاکانی جیهانی بڕی و بە دەوری جیهاندا سوورایەوە و گەڕایەوە شوێنی خۆی.
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی: "هێزی دەریایی کۆماری ئیسلامی ئێران جگە لە پاسەوانی و پاراستنی سنوورە ئاوییەکانی وڵات، بەرپرسیارە لە پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی ئێران لە دەریاکان و ئاوە نێودەوڵەتییەکانیشدا و بە ئەنجامدانی ئەرکێکی لەو شێوەیە، هێزی دەریایی ئێران ئامادەیی خۆی بۆ بەرگری لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران نیشان داوە، نە تەنیا لە ئاوەکانی کەنداوی فارس، دەریای عومان و دەریای خەزەر، بەڵکۆ لە هەر شوێنێکی جیهان لە کەنداوی عەدەنەوە بگرە تا دەریای کاریبی."
 
دەشڵێت، "بەجێگەیاندنی ئەو ئەرکە سەربازییە بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە لە لایەن گرووپی کەشتیگەلی جەنگی 86ی هێزی دەریایی سوپای ئێرانەوە لەگەڵ ئەوەی ناردنی پەیامی ئاشتیخوازانە و دۆستایەتی ئێران بوو بۆ زۆربەی وڵاتان، هاوکات توانا و ئامادەیی ئێرانی پێشان دا کە دەتوانێت بەشداری لە بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتیدا بکات، هەروەها پێشانی وڵاتانی پاوانخوازی دا کە دەستدرێژی بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئێران لە هەر شوێنێکی جیهان، بێ وەڵام نامێنێت و هێزە دەریاییەکانی ئێران لە پاڵ هەموو هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی، هەر هەنگاوێک کە لە دژی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی وڵات بێ و هیچ هەڕەشەیەک بێ وەڵام ناهێڵنەوە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێیوایە ئامادەیی و بەهێزیی هێزە چه کدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەریاکان و ئاوە نێودەولەتییەکان، ته نیا له بواری سەربازیدا قەتیس نامێنێت، بەڵکو لە بواری دیپلۆماسیشدا دەبێتە دروستکەری هێز بۆ ئێران و دەڵێت، هەر وەک رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی گوتی، "بەهای سیاسی کارەکەتان لە بەها سەربازییەکەی کەمتر نییە، ئەگەر زیاتریش نەبێت."
 
جەختی لەوەش کردەوە کە دیپلۆماسیی بەرگری ئامرازێکی گرنگە بۆ ئەوەی وڵاتان بە بێ پەنابردنەبەر هێزی سەربازی، بە ئامانجەکانیان بگەن. ناسر کەنعانی رایگەیاند، بەهێزی هێزی دەریایی ئێران و هەبوونی رۆڵی لە ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا، گەرەنتییەکی بەهێز بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئێران پێکدەهێنێت کە تیشک دەخاتە سەر دراوسێیەتی و هاوسەنگی، هەروەها ڕێگرییەکی بەهێز لە دژی هەر دەستدرێژکارێک یان کەسێکی تەماحکار و بێ لۆژێک پێکدەهێنێت کە بیر لە زیانگەیاندن بە بەرژەوەندی و ئاسایشی ئێران و ئێرانییەکان بکاتەوە.