ئیسرائیل: بۆ رێگریکردنی ئێران لە دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی هەموو بژاردەیەک لەسەر مێزە

18-02-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، "هەموو بژاردەیەک" لەسەر مێزە بۆ ئەوەی رێگری لە ئێران بکەن چەکی ئەتۆمی دەستبکەوێت. 
 
رۆژی هەینی، 17ـی شوباتی 2023، یۆواڤ گەڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا گوتی: "کاتێک قسە لەسەر رێگریکردنی ئێران لە دەستکەوتنی چەکی ئەتۆم دەکەین، دەبێت هەموو بژاردەیەک لەسەر مێز بێت". گوتیشی، ئێران "پەرە بە چەکی پێشکەوتوو دەدات"، سەرەڕای ئەو سزا و گەمارۆیانەی خراونەتە سەری. 
 
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل باسی لەوەش کرد کە "ئێران ئێستا دانوستاندن بۆ فرۆشتنی چەکی پێشکەوتوو بە 50 وڵات دەکات، لەنێویدا درۆن" کە مەبەست لێی پێدانی درۆنە بە رووسیا، لە کاتێکدا سەرنجی ئەمساڵی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بەشێوەیەکی سەرەکی جەنگی ئۆکراینایە. 
 
بۆ راگرتنی ئەو هەنگاوەی ئێرانیش، گەڵانت پێیوایە "دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئالتەرناتیڤێکی کاریگەری بۆ گەمارۆکەی سەر ئێران هەبێت." 
 
چەند مانگێکە وڵاتانی رۆژئاوا ئێران بەوە تۆمەتبار دەکەن کە درۆن و مووشەک دەداتە رووسیا بۆ ئەوەی دژی ئۆکراینا بەکاریان بهێنێت. ئێران دەڵێت، پێش دەستپێکردنی جەنگەکە درۆنی داوەتە رووسیا. 
 
لە ساڵی 2015دا ئێران و وڵاتە زلهێزەکانی جیهان رێککەوتنێکیان لەبارەی پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران واژۆ کرد. وڵاتە بەشدارەکان بریتی بوون لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش لەگەڵ ئەڵمانیا کە بە وڵاتانی 5+1 ناسراون. یەكێتیی ئەوروپاش بەشداری لە رێککەوتنەکەدا کرد. رێککەوتنەکە لە مانگی کانوونی دووەمی 2016 چووە باری جێبەجێکردنەوە.
 
بەڵام کشانەوەی تاکلایەنەی ئەمریکا لە رێککەوتنەکە لە ساڵی 2018 و سەپاندنەوەی سزا ئابوورییە سەختەکان وایکرد، ئێران قۆناخ بە قۆناخ دەستبەرداری رێککەوتنەکە ببێت و لە بەرامبەریشدا پەرە بە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی بداتەوە.
 
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، ئێران پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی تەنیا بۆ مەبەستی سڤیل بەکاردەهێنێت، لە کاتێکدا تاران تۆمەتبار دەکرێت بەوەی هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەدات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە