هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر لە میدیاکانی ئێراندا

18-01-2024
سینا سۆما
نیشانەکردن هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوای سێ رۆژ لە هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر شاری هەولێر، کاردانەوەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران و میدیاکانی ئەو وڵاتە لەسەر ئەو هێرشە بەردەوامە.
 
بەرپرسان و میدیاکانی ئێران خۆیان لەوە بواردووە باسی ئەوە بکەن لە هێرشی مووشەکی شەوی دووشەممەی سوپای پاسداراندا بۆ سەر هەولێر، شوێنی سڤیل کراوەتە ئامانج و ئەندامانی خێزانێک بوونەتە قوربانی.
 
کەیهان: هەرێمی کوردستان داواکارییەکەی کۆماری ئیسلامیی جێبەجێ نەکردووە
 
حوسێن شەریعەتمەداری، سەرنووسەری رۆژنامەی کەیهان، لەبارەی ‌هێرشی مووشەکیی سوپای پاسداران بۆ سەر شاری هەولێر، گوتارێکی لە رۆژنامەکەدا بڵاوکردووەتەوە، شەریعەتمەداری کە لە ئێران وەک دەستەڕاستی عەلی خامنەیی بۆ کاروبای میدیا دەناسرێت، لە گوتارەکەیدا، باسی پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات و دەڵێت "لە کاتی تەنگانەدا وەکو هێرشی داعش بۆ سەر شاری هەولێر، کۆماری ئیسلامی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، یارمەتیی هەرێمی کوردستانیان داوە، لە کاتێکدا هیچ ولاتێکی دیکە ئامادە نەبوو وەڵامی داواکارییەکانی هەرێم بداتەوە."
 
حوسێن شەریعەتمەداری، سەرنووسەری رۆژنامەی کەیهان، بانگەشەی ئەوە دەکات؛ ئەو زانیارییانەی باسی کوژرانی کەسانی سڤیل لە هێرشەکەدا دەکەن، راست نین و لێدوانی فەرمیی بەرپرسانی حکومەتی وڵاتەکەی و سوپای پاسداران دووبارە دەکاتەوە، بەوەی ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج، بنکەی سەرەکیی مۆساد بووە.
 
شەریعەتمەداری نووسیویەتی "پێشڕەو دزەیی و ئەژی ئەمین کەسانی سەر بە مۆسادن، کە لە هێرشەکەدا کراونەتە ئامانج. پێشڕەو دزەیی بەرپرسی دابینکردنی نەوت و سووتەمەنی بوو بۆ ئیسرائیل، هەروەها ئەژی ئەمین، هاوکارێکی فەرمیی مۆساد و لە ئەندامانی سەرەکیی تیمی ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی بوو لە ئێران."
 
بە گوتەی شەریعەتمەداری، کۆماری ئیسلامی ئێران چەندینجار لەبارەی بوونی بنکە و بارەگای مۆساد لە هەرێم، بەڵگەی پێویستی داوەتە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و هۆشدارییان دراوەتێ، کە ئەو کەسانە لە هەرێم بکەنە دەرەوە، بەڵام بەرپرسانی هەرێم تەنیا هەندێک هەنگاوی رووکەشیان ناوە و وایان پێشانداوە، داواکارییەکەی ئێرانیان جێبەجێ کردووە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە قاسم ئەعرەجی، سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە کە بەفەرمانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە بانگەشەکان لەسەر ئەو هێرشەی سەر هەولێر پێکهێنرا، لە هەولێرەوە رایگەیاند بانگەشەکان راست نین و ئەو شوێنە بارەگای مۆساد نەبووە.
 
تەسنیم: ئەژی ئەمین کوژراوە
 
ئاژانسی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسداران لە راپۆرتێکی رۆژی سێشەممەیدا لەبارەی هێرشی مووشەکی بۆ سەر هەولێر دەڵێت، لە هێرشەکەدا بنکەی مۆساد لە هەرێمی کوردستانی عێراق و پێگەی ژمارەیەک لە هاوکارانی ستراتیژیی مۆساد خاپوور کران و کرانە تەپۆڵکەیەکی خاک.
 
لەو راپۆرتەدا باسی گیانلەدەستدانی سەرمایەداری شاری هەولێر، پێشڕەو دزەیی لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکەدا کراوە و نووسراوە "لە یەکێک لە ئامانجەکاندا، پێشڕەو دزەیی، هاوکارێکی دیاری مۆساد کوژرا و کوژرانی لەلایەن میدیای هەرێمی کوردستان بە فەرمیی پشتڕاست کرایەوە."
 
باسی ئەوەش کراوە بە ئەگەرێکی زۆرەوە "ئەژی ئەمین"، بەرپرسی دەزگەی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری لە هێرشەکاندا کوژراوە و ئاماژە بەوە کراوە، دەرنەکەوتنی ئەژی ئەمین تائێستا لە میدیاکان ئەو ئەگەرە بەهێزتر دەکات.
 
پێشتر نووسینگەی ئەژی ئەمین، لە لێدوانێک بۆ رووداو، هەواڵی کوژرانی ئەژی ئەمینی رەتکردووەتەوە.
 
راپۆرتەکە، پۆستەکەی ئەژی ئەمینی بە هەڵە نووسیوە و دەڵێت "هەندێک هەواڵی دیکە باسی ئەو ئەگەرە بەهێزە دەکەن، کە کەسێک بە ناوی سلێمان ئەمین نادر ناسراو بە ئەژی ئەمین، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە هێرشەکاندا کوژراوە. ئەژی ئەمین، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی کوردستانی عێراق و یەکێک لە هاوکارە هەرە گرینگەکانی مۆسادە لە هەرێمەکە، کە سەرپەرشتیی هەندێک کردەوەی تیرۆریستی کردووە لە نێوخۆی ئێران، تیرۆرکردنی شەهید فەخریزادە یەکێک لەو کردەوە تیرۆریستیانەیە کە ئەژی ئەمین دەستی تێدا هەبووە."
 
نوورنیوز: بەرپرسی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ئیسرائیل کوژرا
 
ماڵپەری نوورنیوز، پێگەی فەرمیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانیش باسی گیانلەدەستدانی پێشڕەو دزەیی لە هێرشەکەدا دەکات و ئەو وەکو خاوەنی گرووپی فاڵکۆن و ئیمپایەر، کەسێکی نزیکی سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان و بنەماڵەی بارزانی دەناسێنێت.
 
نوورنیوز هەروەها نووسیویەتی "پێشڕەو دزەیی بەرپرسی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ئیسرائیل بووە و پەیوەندییەکی نزیک و بە‌هێزی لەگەڵ مۆساددا هەبووە "لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان ئەمجارە و پێشتریش ئەو بانگەشانەی ئێرانی رەتکردووەتەوە و بەبێ بنەما ناوی بردوون.
 
ئیرنا: هەرێمی کوردستان گرنگی بە نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئێران نادات
 
ئاژانسی فەرمیی ئێران، ئیرنا لە بارەی هێرشەکەوە چەندین هەواڵ و راپۆرتی بڵاو کردووە. لە یەکێک لە راپۆرتەکاندا، باسی ئەوە کراوە هەرێمی کوردستان گرنگی بە نیگەرانییە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران نادات و دەڵێت "دوای ساڵی 2003 و، دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەرایەتییەکی رەها لە هەرێمی کوردستان، چاوەڕوان دەکرا سەرکردەکانی هەرێمەکە ببنە قووڵایی ستراتیژیی ئێران، بەڵام بوونی هێزەکانی ئەمریکی و ئیسرائیلی، بوونی گرووپە چەکدارە جوداخوازەکان لە دهۆک، سلێمانی و هەولێر ئەوەی پێشاندا کە سەرکردەکانی هەرێمی باکووری عێراق زۆر گرینگی بە پرسە ئەمنییەکان نادەن و زیاتر مەیلی ئەمریکا و ئیسرائیلیان هەیە."
 
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە؛ ساڵی 2023 رێککەوتنێکی ئەمنیی هاوبەش لەنێوان ئێران و عێراق واژۆ کراوە، "بۆ ئەوەی بنکەکانی ‌هێزەکانی دژە شۆڕش لە سنوورەکان دووربخرێنەوە، بەڵام بەرپرسانی هەرێمی باکووری عێراق گرینگییەکی ئەوتۆیان بە جێبەجێکردنی ئەو رێکەوتنە ئەمنییە نەداوە."
 
لە راپۆرتەکە باسی ئەو کراوە، ئەو هێرشە هۆشدارییەکی جیدی ئێران بوو بۆ ئەمریکا، ئیسرائیل و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و لە زاری شرۆڤەکارێک بە ناوی هانی حەسەن زادە باسی ئەگەری هێرشی زەوینی بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکرێت، دەگوترێ "ئەگەر بیانەوێ بەردەوام بن لە دروستکردنی کێشەی ئەمنی بۆ ئێران، لە کۆتاییدا ئێران ناچار دەبێت بە شێوەی زەوینی بچێتە نێو هەرێمی باکووری عێراقەوە، کە لە دۆخێکی وەهادا، حکومەتی ناوەندی عێراق و بەرپرسانی هەرێم تووشی ئاڵنگارییەکی جیدی دەبنە."
 
سەدا و سیما زانیاریی ناڕاست بڵاودەکاتەوە
 
ئاژانسی دەنگ و رەنگی ئێران لە بەرنامەیەکی تایبەتیدا لەبارەی هێرشەکەوە بە بەشداریی سێ میوانی شرۆڤەکار، هەوڵی دا ئەو پەیامە بگەیێنێ، کە لە هێرشەکەی هەولێردا هیچ کەسێکی سڤیل نەکراوەتە ئامانج و ئەوانەی کوژراون کەسانی سەر بە مۆسادن.
 
لە بەرنامەکەدا شرۆڤەکارێک بە ناوی رەزا سەدرولحوسەینی دەڵێت، "ئەوە راست نییە کە دەگوترێت کەسانێکی ناچەکدار یان کەسانێک کە سیخوڕ نەبن، لە هێرشەکەدا کوژراون، ئەوە گومانێکە کە هەوڵدەدرێت دروست بکرێت. دەمەوێ ئەوە بڵێم، کاتێک بۆ هێرشکردنە سەر بنکەی سیخوڕی رژێمی زایۆنی لە هەرێمی کوردستان دەستنیشانکرا، کە بێجگە لە بەرپرسە سیخوڕەکان هیچ کەسێک لەوێ نەبوو و ئەوەی دەگوترێ، خێزان لەوێ هەبووە، منداڵێک یان خانمێک لەوێ بوون، ئەمانە بە هیچ شێوەیەک راست نین و دووریی ئەو بنکەیەش تاوەکو ناوەندی هەولێر نزیکەی 30 کیلومەترە."
 
ئەوە لە کاتێکدایە لە هێرشەکەدا پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری کورد و کچە 11 مانگییەکەی بە ناوی ژینە گیانیان لەدەستداوە، هەر لە ماڵەکەیدا هاوڕێیەکی و کارگوزارێکی ماڵەکە گیانیان لەدەستدا، 16 کەسی دیکە کە منداڵەکان و هاوژینی پێشڕەو دزەیی، خزمەتگوزار و پاسەوانەکانیان بوون بریندار بوون. 
 
سوپای پاسداران: تەقینەوە و ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئێران زۆربەیان لەڕێی کوردستانی عێراقەوە بووە
 
ئەمیرعەلی حاجی زادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران لە لێدوانێکدا بۆ تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران لە بارەی هێرشەکەوە رایگەیاندووە، ئەو شوێنەی لە هەرێمی کوردستان کراوەتە ئامانج، "بۆ سیخوڕی، تیرۆر و ئۆپەراسیۆنی تایبەتی لەنێو خاکی ئێراندا، کەڵکی لێوەردەگیرا."
 
ئەو بەرپرسەی سوپای پاسداران دەڵێت "خاڵێک لە هەرێمی کوردستان دەستنیشان کرا، بینایەک بوو، کە لە رواڵەتدا ڤێلایە، بەڵام هەر وەک دوای هێرشەکان دەرکەوت، بینایەکی بەهێزی کۆنکریتییە، کە بۆ سیخوڕی و ئۆپەراسیۆنی تایبەتی لەنێو خاکی ئێراندا، کەڵکی لێوەردەگیرا؛ بۆ تیرۆر و بۆ ئۆپەراسیۆنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان. لەو بینایەدا کەلوپەلی پێشکەوتوو لەنێوچوون، چونکە بەپێی ئەو شتەی دیارە، دوو قاتیشی لەژێر زەویدا هەیە، هەم کەلوپەلە لەنێوچوو و ئەوانەش کە دەبوو لەنێوبچن، لەنێو بران."
 
بەگوتەی ئەمیر عەلی حاجی زادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران، "زۆربەی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی زانا ئەتۆمییەکانی ئێران و تەقینەوەکان لە ناوەندە گرنگەکانی کۆماری ئیسلامی لەم ساڵانەدا کراون، لەڕێی کوردستانی عێراقەوە بوون."
 
فارس نیوز و کاریکاتێری "مشکە برژاوەکانی ئەربیل"
 
ئاژانسی فارس نیوزی سەر بە سوپای پاسداران لە چەندین هەواڵ و راپۆرتی تایبەت بە هێرشە مووشەکییەکەدا، بەردەوام ئەوە دووپات دەکاتەوە کە هێرشەکە بۆ سەر بنکەیەکی سەرەکیی مۆساد بووە لە شاری هەولێر و ئەو کەسانەی لە هێرشەکەدا کوژراون وەک بەرپرسانی مۆساد ناوی بردوون.
 
فارس نیوز وێنەی پێش هێرشەکەی ڤێلای سەرمایەداری کورد، پێشڕەو دزەیی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، سوپای پاسداران بە وردی چاودێریی جمۆجۆڵەکان و هاتووچۆی بۆ ئەو ڤێلایە کردووە و لە شەوی هێرشەکەدا، مووشەکەکان ئامانجیان پێکاوە.
 
ئەو ئاژانسەی سەر بە سوپای پاسداران هەروەها وەکوو سووکایەتیکردن بە قوربانییانی هێرشەکەی هەولێر، کاریکاتێرێکی بە ناوی "مشکە بڕژاوەکانی ئەربیل" بڵاوکردەوە. کاریکاتێرەکە بەمشێوەیەیە کە لە زەرفێکی سەفەریدا، سێ مشکی بڕژاو دەبینرێن، لەسەر زەرفەکە لۆگۆیەکی وەکوو کەی ئێف سی هەیە کە لە ژێرەوە سێ پیتی ئینگلیزی دەبلیو، تی، ئێف نووسراون. هەروەها لە بەشی سەرەوەی کاریکاتێرەکە نووسراوە "مشکە برژاوەکانی ئەربیل."
 
نامەی ئێران بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی
 
لە لایەکی دیکەوە میدیاکانی ئێران رۆژی چوارشەممە بڵاویان کردووە سەعید ئیرەوانی، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە هێرشە مووشەکییەکانی شەوی دووشەممە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و چەند ناوچەیەکی سووریا، نامەیەکی تایبەتی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ناردووە.
 
نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نامەکەدا گوتوویەتی "کۆماری ئیسلامی هێرشەکەی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، پەیماننامەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و مافی بەرگریلەخۆی، ئۆپەراسیۆنێکی دژە تیرۆریستیی کردووە."
 
لە نامەکەدا هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، هێرشە مووشەکییەکانی ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی کرمان و راسک بوون، بۆیە پێگەکانی داعش، تەحریر ئەلشام و هێزەکانی دژە شۆڕش کراونەتە ئامانج.
 
کارەکە کۆتایی پێنەهاتووە، ئەمە سەرەتایە  
 
محەمەد ساڵح جۆکار، سەرۆکی کۆمیسیۆنی کاروباری نێوخۆیی و ئەنجوومەنەکان لە پەرلەمانی ئێران لەبارەی هێرشەکەوە بۆ ئاژانسی ئیسنای ئێرانی قسەی کردووە و رایگەیاندووە، "بەو ئۆپەراسیۆنە، هۆشدارییەک درایە دوژمنان و بە جۆرێک لە جۆرەکان تۆڵەی خوێنی شەهیدانمان کردەوە، هەڵبەت ئەمە ئەوە ناگەیێنی کارەکە کۆتایی پێهاتووە، بەڵکو ئەمە سەرەتایە."
 
جۆکار هەروەها دەڵێت "رێبەری رایگەیاندووە؛  پێویستە دەست و پەیوەندەکانی تیرۆریستی بە وردی دەستنیشان و سەرکوت بکرێن، بۆیە ئەم پرۆسەیە بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەوکاتەی رەوتی تیرۆریستی لەسەر ئاستی ناوچەکە بنبڕ دەکرێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە