رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پیشەسازیی کارەبای پارێزگای خوزستان لە ئێران دەڵێت، "یەدەگی گازوایل بۆ وێستگەکانی کارەبا 65% کەمیکردووە، ئەمەش وایکردووە دابینکردنی کارەبای بەردەوام ببێتە ئاڵنگاری".
ئەمڕۆ سێشەممە، 17-12-2024، حوجەتوڵڵا مووسەوی، گوتەبێژی پیشەسازیی کارەبای پارێزگای خوزستان رایگەیاند: "بۆ دابینکردنی کارەبا پێویستمان بە گازوایل و گازە، بەڵام بڕی گازی دابینکراویش بەراورد بە پار 4.5 ملیار لیتر کەمیکردووە و ئەم کورتهێنانەش لە رێگەی سووتەمەنی شلەوە قەرەبووکراوەتەوە".
مووسەوی ئاماژەی بەوەشکرد، "زیاتر لە هەزار شارەزای بواری پیشەسازیی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئێران لە هەوڵدان، لەگەڵ بوونی ناهاوسەنگی وزە؛ تۆڕی کارەبا بەردەوام بێت".
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە، پارێزگای گوڵستان لە باکووری ئێران وێستگەکانی کارەبای کوژاندەوە. هەروەها دوێنێ دووشەممە، پارێزگای لوڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر بەکارهێنانی گاز لەلایەن هاووڵاتییانەوە، بەشێکی وێستگەیەکی گازی داخست.
رۆژی هەینی، 13ـی کانوونی یەکەمی 2024، موحسین زەبیحی، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای ئێران بۆ کاروباری هاوئاهەنگی رایگەیاند، بەهۆی دابین نەکردنی سووتەمەنیی پێویست بۆ وێستگەکانی کارەبا، بەرهەمهێنانی کارەبا تووشی کورتهێنان بووە.
بەگوێرەی وەزارەتی وزەی ئێران، توانای ئەو وڵاتە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا 62 هەزار مێگاواتە، بەڵام پێویستی نێوخۆیی زیاتر لە 82 هەزار مێگاواتە، واتە 20 هەزار میگاوات کورتهێنان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ