وەزیری بەرگریی ئێران لە سووریا: لە هەموو روویەکەوە پشتیوانی سووریاین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئێران لە دیمەشق لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا و عەلی مەحموود عەباس هاوتا سوورییەکەی کۆبووەوە و گوتی، "سووریا لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا رۆڵێکی ستراتیژی هەیە و هیوادارین لە دۆخی هەستیاردا پشتیوانی لە یەکدی بکەین".
ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی تشرینی دووەم، عەزیر نەسیرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران لە دیمەشق لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا و عەلی مەحموود عەباس، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
بە گوێرەی میدیای ئێران، "بەهێزکردنی پەیوەندییە بەرگرییە دوو قۆڵی و هاوبەشەکان، جەختکردنەوە لە رۆڵی وڵاتانی ناوچەکە لە دابینکردنی ئاسایش، پێویستیی کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە ناوچەکە، بەردەوامیی هاوکاریی دوو قووڵی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، هەڵسەنگاندنی پێشهاتە مەیدانییەکانی ناوچەکە و بەرەی موقاوەمە بەشێکی ئەجێندای سەردانی وەزیری بەرگریی ئێرانە بۆ سووریا".
وەزیری بەرگریی ئێران لەبارەی سەردانەکەی بۆ سووریا بۆ میدیا قسەی کرد و رایگەیاند، لە سەر بانگهێشتی هاوتا سوورییەکەی سەردانی ئەو وڵاتەی کردووە.
عەزیر نەسیرزادە گوتی، بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات لە بواری سەربازییدا لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی سوریا کۆدەبێتەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، "سووریا رۆڵێکی زۆر کاریگەر و ستراتیژی لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەیە. هیوادارین لە دۆخی هەستیاردا پشتیوانی لە یەکدی بکەین".
وەزیری بەرگریی ئێران گوتی، "بە پێی رێنماییەکانی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئامادەین لە هەموو روویەکەوە پشتگیری لە وڵاتی دۆست و هاوبەشی ستراتیژیمان بکەین".
عەزیر نەسیرزادە رۆژی 16ـی تشرینی دووەم بە سەردانێکی چاوەڕواننەکراو گەیشتە سووریا.
سەردانی وەزیری بەرگریی ئێران بۆ سووریا دوای سەردانی عەلی لاریجانی، راوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەو وڵاتە دێت کە رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو سەردانی وڵاتەکەی کرد و لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سوریا کۆبووەوە. لاریجانی رۆژی هەینی سەردانی لوبنانی کرد.
راوێژکارەکەی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای لوبنانی گوتی، "نامەی رێبەر و سەرۆککۆماری ئێرانی گەیاندووەتە دەست بەرپرسانی لوبنان و سووریا".