سەرۆککۆماری ئێران: ئەمریکییەکان لە داهێنان و شتە باشەکانمان تووڕەن و پێیان ناخۆشە

 
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی سوپای پاسداران لقی بۆکان بە بڵندگۆیەکەوە لە کۆڵانەکانی ئەو شارەدا دەسووڕێتەوە بۆئەوەی خەڵک لە ناڕەزایەتی دەربڕین پاشگەز بکاتەوە؛ داوا لە دایک و باوکەکان دەکات رێگە نەدەن منداڵەکانیان بچنە دەرەوە، بەڵام خۆی دەڵێت، "وەرنە دەرەوە قسە بکەین."
 
فەرماندەی سوپای پاسدارانی بۆکان دەڵێت، "ئەمە دەستی ئەمریکا و ئیسرائیلی لەپشتە، دەستی دووژمنی لەپشتە، گیان و ئابڕوو و ئاسایشی ئێوەمان بۆ گرنگە، ئەگەر قسەیەکی مەنتیقیتان هەیە، وەرنە پێشەوە من لێرە دانیشتووم، وەرن پێکەوە قسە بکەین، بۆچی شار ئاڵۆز دەکەن؟"
 
سەرەڕای ئەوەش شەوی رابردوو ناڕەزایەتییەکان لە هەندێک لە شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بوون. لە شاری سنە کزتر لە شەوانی پێشتر دەنگی ناڕەزایەتی بیسترا، لە کرماشانیش بە هەمان شێوە. لە دیواندەرەش سەرەڕای هەوڵی دەسەڵات بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یان گوتەوە.
 
بەڵام ناڕەزایەتییەکان لە شاری تاران بەربڵاوتر بوون. لە شاری یەزد و لە گەڕەکی ئیکباتان خەڵکی دروشمی "ئازادی" و دژی دەسەڵاتی ئێرانیان گوتەوە؛ ناڕەزایەتییەک کەوا لە گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینییەوە دەستیپێکرد، شەوی رابردوو یەک مانگی تێپەڕ کرد.
 
لە ئاستی جیهانیشدا پشتیوانیی زۆر لە  ناڕەزایەتییەکان دەکرێت.
 
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، "ئەمریکییەکان لە داهێنان و هەموو شتە باشەکانی ئێران تووڕەن و پێیان ناخۆشە. بەڵام هەر کێشە و کەموکوڕییەک بۆ ئێمە رووبدات، هەر نائەمنییەک بۆ ئێمە رووبدات، کە نائەمنییەکەش ئەوان دروستی دەکەن، ئەوان زۆر پێیان خۆش دەبێت. ئەمریکییەکان پشتیوانی لە ناڕەزایەتی و نائەمنییەکانی ئێران دەکەن."
 
پێنجەمین هەفتەی ناڕەزایەتییەکان لە کاتێکدا دەستپێدەکات کە زۆر کەس پێی وانەبوو هێندە درێژە بکێشێت، تەنانەت حکومەتیش. ناڕەزایەتیی گەنجانی تازەپێگەیشتوو، کە دەڵێن، شەڕی ژیان و داهاتوویان دەکەن.