ئێران؛ ژمارەی دەستگیرکراوانی هێرشەکەی شیراز گەیشتە 20 کەس

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی دەسەڵاتی دادی پارێزگای فارسی ئێران دەڵێت، لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر مەزارگەی شاهچراغی شاری شیراز بەردەوامە و تا ئێستا 20 کەس دەستگیرکراون.
 
بە گوتەی کازم موسەوی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی پارێزگای فارسی ئێران، 20 کەس لە سنووری پارێزگای فارس و پارێزگاکانی دیکەی ئێران پەیوەندیدار بەو هێرشەوە دەستگیرکراون؛ ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو دەستگیرکراوەکان دەگوازرێنەوە پارێزگای فارس و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
 
ئەو بەرپرسە ئێرانییە هیچ زانیارییەکی لەبارەی ناسنامەی ئەو دەستگیرکراوانە نەدا؛ ئاماژەی بەوەش نەکرد، تۆمەتبارەکان لە کام پارێزگا دەستگیرکراون.
 
بەرپرسانی ئێرانی دەڵێن، ئەو چەکدارەی رۆژی 13ی ئەم مانگە هێرشی کردە سەر مەزارگەکەی شیراز ناوی رەحمەتوڵڵا نوورۆزۆڤ و خەڵكی تاجیکستانە.
 
کازم موسەوی رۆژی 14-8-2023 گوتی، هەشت تۆمەتباریان دەستگیرکردوون و سەرجەمیان "بیانین"، بەڵام هیچ زانیارییەکی دیکەی لەو بارەوە نەدا. 
 
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 13-08-2023 لە شاری شیرازی ناوەندی پارێزگای فارسی ئێران، چەکدارێک هێرشیکردە سەر مەزارگەی شاهچراغ و تەقەی لە کارمەندان و زیارەتکارانی مەزارگەکە کرد و لە ئەنجامدا کەسێک کوژرا و 8 کەسیش بریندار بوون. دواتر یەکێک لە بریندارەکان گیانی لەدەستدا.
 
تشرینی یەکەمی 2022ش لە هێرشێکدا بۆ سەر هەمان مەزارگە، 13 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 20  کەسیش بریندار بوون. ئەوکات، رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی لە ئەستۆ گرت.
 
دادگەی شۆڕشی شیراز سزای لەسێدارەدانی بەسەر دوو هاوڵاتی ئەفغانستانیدا بە ناوەکانی محەممەد رامز رەشیدی و نەعیم هاشم قیتالی سەپاند و لە 8-7-2023 هەردوو کەس لە شوێنێکی گشتی شاری شیراز لەسێدارەدران.