ئێران: بە نیازی کوشتنی ترەمپ نین

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئێران، وەڵامی تۆمەتەکانی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکای دایەوە، کە تارانیان تۆمەتبار کردبوو بەوەی پێش تەقەکردن لە ترەمپ لە سەرەتای ئەم هەفتەیە، ئێران بەنیازی کوشتنی ترەمپ بووە.
 
رۆژی (چوارشەممە، 17-7-2024) ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ئەوان تۆمەتی ئەمریکییەکان رەتدەکەنەوە و بەهیچ شێوەیەک بەشداری ئەو جۆرە کردارانە ناکەن." 
 
رۆژی سێشەممە، میدیای ئەمریکا لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکی، بڵاویانکردەوە، پێش هێرشەکەی رۆژی شەممەی رابردووی سەر دۆناڵد ترەمپ لە ویلایەتی پێنسلڤانیا، کە بووە هۆی برینداربوونی بەربژێرەکەی کۆمارییەکان، دەزگە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا زانیارییان هەبووە، ئێران سەرقاڵی پیلانێکە بۆ کوشتنی ترەمپ، ئەمەش وەک تۆڵەکردنەوە لە بەرامبەر کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە کانوونی دووەمی 2020 لە بەغدا، کە ترەمپ بڕیاری کوشتنەکەی دابوو.
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی "کۆماری ئیسلامی ئێران سوورە لەسەر ئەوەی لە رێگەی یاساییەوە، دژی ترەمپ بجووڵێت، بەرامبەر بە رۆڵە راستەوخۆکەی لە تاوانی تیرۆرکردنی جەنەراڵ قاسم سولەیمانی." 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکی کە ناویان ئاشکرا نەکراوە، چەند هەفتەیەک پێش هێرشەکەی رۆژی شەممە، دەزگە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا چاودێری ئەو زانیارییانەیان کردووە کە باس لە پیلانی ئێران دەکەن بۆ کوشتنی ترەمپ، بەڵام ئاماژەش بەوە دەکەن لەوبڕوایەدا نین ئەو پیلانانەی تاران پەیوەندییان بە هێرشەکەی گەنجە ئەمریکییەکە هەبووبێت کە ترەمپی بە سووکی بریندار کرد. 
 
هەر لەبارەی تۆمەتەکانی واشنتن لەدژی ئێران، رۆژی سێشەممە، ئەمیر سەعید ئیرڤانی، نوێنەری تاران لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەو تۆمەتانە "هیچ بنەمایەکیان نییە و تەنیا ئامانجی سیاسییان لەپشتە."