زیاتر لە 400 تانکەری ئێرانی گازوایلی هەرێمی کوردستانیان هەڵگرتووە لە سنووری ئەفغانستان گیریان خواردووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەپێی میدیا ناوخۆییەکانی ئێران، زیاتر لە سێ هەفتەیە 400 تانکەری ئێرانی، کە گازوایلی هەرێمی کوردستان لە رێگەی خاکی ئێرانەوە دەگوازنەوە، لەسەر سنووری ئێران و ئەفغانستان گیریان خواردووە.
 
هەندێک لە شۆفێرانی ئەو تەنکەرانە بە میدیای ئێرانیان رایگەیاندووە، بەرپرسانی تاڵیبان رێگە بە بەتاڵکردنی بارەکانیان نادەن و ناهێڵن بڕۆنە دیوەی ئەفغانستانەوە.
 
مەهدی جەعفەری، جێگری بەڕێوەبەری کاروباری ئابووریی پارێزگای خوراسانی ئێران، کە لەگەڵ ئەفغانستان هاوسنوورە رایگەیاندووە، گوایە کوالێتیی ئەو گازوایلەی لە عێراقەوە بۆ ئەفغانستان گواستراوەتەوە باش نەبووە و لەبەر ئەوەش بەرپرسانی ئەفغانستان رێگە بە بەتاڵکردنی تەنکەرەکان نادەن.
 
لە دوای وەستانی بۆریی هەناردەکردنی نەوت، بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ناوخۆ دەدرێتە پاڵاوگەکان و لەوێشەوە جگە لە بەکارهێنانی ناوخۆیی لە رێگەی خاکی ئێرانەوە، هەناردەی وڵاتانی وەک ئەفغانستان دەکرێت.
 
د. حامی ساڵح هەرکی، شارەزای کارگێڕی و ئابووری و هاوکات خاوەنی کۆمپانیای گواستنەوەیە بە رووداوی رایگەیاند: "گازوایل و بەرهەمە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە پاڵاوگەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ پەروێزخان و لەوێشەوە لە نزیک شاری قەسری شیرین کۆگای گەورە دروستکراون و لە کۆگاکەدا بەتاڵ دەکرێن. لەوێش بە تانکەری ئێرانی دەگوازرێنەوە بۆ ئەفغانستان."
 
بەپێی ئەو شارەزایە، بۆ گواستنەوەی یەک تۆن گازوایل، حکومەتی هەرێمی کوردستان 51 دۆلار رەسمی گومرگی لە بازرگان وەردەگرێت. کرێی تێچووی گواستنەوەکەشی بۆ یەک تۆن 100 دۆلارە.
 
د. حامی کە خۆی لە کەرتی گواستنەوە و لۆجستیک کار دەکات گوتی: "هیچ بازرگانێک نایەت بۆ یەک تۆن گازوایل 150 دۆلار خەرج بکات، بەڵام گازوایلێکی کوالێتیی خراپ بۆ ئەفغانستان بنێرێت." 
 
ئەو پێیوایە، کێشەکە سیاسییە و دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی خودی ئێران و کۆمپانیاکانیشی گازوایل و نەوت هەناردەی ئەفغانستان دەکەن و رەنگە بە ئەنقەست ئەو کارە بکەن بۆ ئەوەی بەرهەمی خۆیان هەناردەی ئەفغانستان بکەن، یان بە شێوازێک بە نرخێکی هەرزانتر گازوایل بفرۆشنە ئەفغانستان بۆ ئەوەی بازرگانی ئەفغانی ناچاربکەن بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان نەکڕن.
 
نرخی یەک تۆن گازوایل لە بازاڕی ناوخۆی هەرێمی کوردستان نزیکەی 500 دۆلارە و لە ناوخۆی ئەفغانستانیش دوای زیادبوونی خەرجییەکانی گواستنەوە و گومرک بەرزدەبێتەوە بۆ 650 تاوەکو 700 دۆلار بۆ یەک تۆن.
 
جگە لە هەناردەکردنی بۆ ئەفغانستان، بەرهەمی گازوایلی هەرێمی کوردستان لە بەندەر عەباسیشەوە هەناردەی وڵاتانی دیکە دەکرێت. سەرەتا دەگوازرێتەوە بۆ دوبەی و لە دوبەیەوە دەگوازرێتەوە بۆ چین و چەندین وڵاتی دیکە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لەگەڵ محەممەد جەعفەر مونتەزری

ئێران: ناوی 120 داواکراومان داوەتە عێراق

فوئاد خاکی بەیگی، ئەندامی سەرکردایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، بێئاگایی خۆی و سەرکردایەتیی پارتەکەی لە بوونی وەها لیستێک بۆ رووداو نیشاندا و گوتی، "ئەگەر لیستێکی ئاوا هەبێت بەشی زۆری بەرپرسانی حیزبی ئێمە و حیزبەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی تێدایە."