رووداو دیجیتاڵ
بیابانەکان ساڵ دوای ساڵ گەورەتر دەبن. هۆکاری ئەمە چالاکییە رووخێنەرەکانی مرۆڤە. وەحید جەعفەریان، بەڕێوەبەری رێکخراوی سەرچاوە سرووشتییەکان بۆ کاروباری بیابان دەڵێت: "ساڵانە یەک ملیۆن هێکتار لە بیابانەکانی ئێران زیاد دەبێت، کە زیاتر لە ئاستی مامناوەندی جیهانییە."
عەلی سەلاجەقە، سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران باس لەوە دەکات، "بۆ کۆنترۆڵی بیابانەکان، کەڵک لە قیرڕێژکردن وەرناگرین، نامانەوێ ئەوە بکەین، چونکە ئەمە ناکۆکی لەگەڵ پرسی ژینگەدا هەیە."
بیابان بۆخۆی ئیکۆسیستمێکی سرووشتیی تایبەت بە خۆی هەیە، کە گژوگیا و زیندەوەری تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام کاتێک ناوچەیەک دۆخی ئیکۆسیستمی بۆ بیابان دەگۆڕێت، خاک تایبەتمەندییەکانی خۆی لە دەستدەدات و چیدیکە مرۆڤ ناتوانێت وەک سەرچاوەیەکی زیندوو بۆ ژیان بەکاری بێنێت.
جووتیارێک لەنێو خاکە بە بەبیابانبووەکەیدا دەڵێت، "لە هەموو ئەمانەدا کشتوکاڵ دەکرا، ئێستا بووەتە خاکێکی رەش". جووتیارێکی دیکە ئاماژە بەوە دەکات، "15 هێکتار باخی بستەمان هەبوو، بەڵام ئێستا بووەتە سێ چوار هێکتار، ئەوەش خەریکە لەنێو دەچێت."
پەرەسەندنی بیابان هۆکاری جیاوازی هەیە، وشکەساڵی، گۆڕانی کەشوهەوا، لەنێوبردنی دارستان بە دەستی مرۆڤ، کەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەمین، لەنێوبردنی لەوەڕگە بەهۆی مەڕوماڵات، کشتوکاڵ بە رێگە کۆنەکان بەشێکن لەوانە.
30 ملیۆن هێکتار لە رووبەری ئێران، مەترسی ئەوەی لەسەرە ببێتە سەرچاوەی خۆڵبارین. چاندنی درەخت یەکێک لە رێگە سەرەکییەکانی بەرەنگاربوونەوەی زیادبوونی بیابانبوونە. بۆ ئەم مەبەستە لە ئێراندا، دەبێت ساڵانە یەک ملیۆن هێکتار درەخت بچێندرێت، بەڵام لە ئێراندا 300 هێکتار دەچێندرێت.
لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەندێ لە ناوچەکانی پارێزگاکانی کرماشان و ئیلامیش ناوچەی بیابانین و دەرفەت بۆ بیابانبوون لەم پارێزگایانەشدا، ئێستا لەبارترە. دەریاچەی ورمێش، ئەگەر وشک بێت، وەک ناوچەیەکی بیابانی هەژمار دەکرێت کە خوێ بارینەکانی دەتوانێت ژیانی دانیشتوانی دەورووبەری بخاتە مەترسییەوە.
هەرچەندە بیابانەکان زیاتر بن، مرۆڤەکان ناچار دەبن پاشەکشە بکەن. بۆیە گەورەبوونی بیابان مەترسییە بۆ سەر ژیانی خەڵک و دەبێتە هۆی کۆچکردن. گەورەبوونی بیابانەکان جگە لە گۆڕینی ئیکۆسیستم، گۆڕانی کۆمەڵایەتیشی لێدەکەوێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ