سوپای پاسداران: ئەندامێکی خۆجێییمان لە شەڕی ناوچەی مەریواندا کوژراوە
رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسداران دەڵێت، چەکدارێکیان کە خەڵکی ناوچەکەیە لە پارێزگای سنە کوژراوە، ئەوەش لە میانی ئەو شەڕەی چەند رۆژێکە لەنێوان باڵی چەکداریی پژاک و سوپای پاسداران بەردەوامە.
پەیوەندییەکانی لقی پارێزگای سنەی سوپای پاسداران رۆژی شەممە، 17-6-2023، بڵاویکردەوە، لە شەڕی شەوی رابردووی "نێوان سوپای پاسداران لە ناوچەی مەریوان و ئەندامانی گرووپە دژە شۆڕشەکان، ئەندامێکی خۆجێیی سوپای پاسداران بە ناوی رزگار تەبیرە" کوژرا.
بەپێی راگەیێندراوی پەیوەندییەکانی لقی پارێزگای سنەی سوپای پاسداران، شەڕ لە نزیک گوندەکانی دەرەتفێ، سەردۆش و هەروەها لە بەشی رۆژئاوای دەریاچەی زرێباردا روویداوە.
چەندین رۆژە سوپای پاسداران هێزێکی زۆری لە ناوچە کوێستانییەکانی کۆساڵان سەر بە شاری سەوڵاوا لە پارێزگای سنە کۆکردووەتەوە و بە چەکی جۆراوجۆر ئەو ناوچەیە تۆپباران دەکات.
فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان - یەرەکە، کە باڵی چەکداریی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان - پژاکە، رۆژی هەینی 16-06-2023 راگەیێندراوێکی لەبارەی ئۆپەراسیۆنی سوپای پاسداران لە ناوچەی کۆساڵانی سەر بە شاری سەوڵاوای پارێزگای سنە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هێرشی زەوینی و ئاسمانی هێزەکانی ئێران بۆسەر چەکدارەکانیان بەردەوامە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، لە هەندێک شوێن شەڕ لەنێوان چەکدارەکانی پژاک و هێزەکانی ئێران روویداوە و لە ئەنجامدا ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزەکانی ئێران کوژراو و بریندار بوون.
یەرەکە دەڵێت، زیانی گیانی بە گەریلاکانیان نەکەوتووە، بەڵام بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکەوە ژینگە و سرووشتی ناوچەی کۆساڵان زیانی زۆری بەرکەوتووە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیانی خەڵک لە ناوچەی هەورامان دروستبووە.
ئۆپەراسیۆنەکەی سوپای پاسداران لە بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە 12-06-2023ـەوە دەستیپێکردووە. فەرماندەی قەرارگەی حەمزە و فەرماندەی سوپای پاسداران لە پارێزگای سنە رۆژی چوارشەممە 14-06-2023 بڵاویانکردەوە، هێزەکانیان هەندێک ناوچەی "گرنگ و ستراتیژی" ئەو ناوچەیەیان کۆنترۆڵکردووە.