ئێران
![وێنەکە هەڵمەتێکی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانە بۆ دەستبەسەرداگرتنی خواردنەوە کحولییەکان و تەنیا بۆ روونکردنەوە لەسەر هەواڵەکە دانراوە. وێنە: AFP وێنەکە هەڵمەتێکی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانە بۆ دەستبەسەرداگرتنی خواردنەوە کحولییەکان و تەنیا بۆ روونکردنەوە لەسەر هەواڵەکە دانراوە. وێنە: AFP](https://www.rudaw.net/s3/rudaw.net/ContentFiles/738717Image1.jpg?mode=crop&quality=70&rand=1&scale=both&w=752&h=472&version=5341122)
وێنەکە هەڵمەتێکی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانە بۆ دەستبەسەرداگرتنی خواردنەوە کحولییەکان و تەنیا بۆ روونکردنەوە لەسەر هەواڵەکە دانراوە. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
لە ئاهەنگێکی خێزانیدا لە شاری کەرەجی ئێران 84 کەس بەهۆی خواردنەوەی کحولی ساختە ژەهراوی بوون و لە چەند شوێنێکی دیکەی شارەکەش 11 کەسی دیکە ژەهراوی بوون؛ حکومەت بە فەرمی دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکان کردەوە.
لە ئاهەنگێکی خێزانی و چەند شوێنێکی دیکەی شاری کەرەجی ناوەندی پارێزگای ئەلبورز لە ئێران، خواردنەوەی کحولی ساختە بووە هۆی ژەهراویبوونی 95 کەس و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی پارێزگاکەش دەڵیت، "تاوەکو ئێستا 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و 40 کەسیش دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە".
شەهرام سەیادی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی پارێزگای ئەلبورز دەڵێت، "ئەو هاووڵاتییانە بەهۆی ئەوەی درەنگ گەیێندراونەتە نەخۆشخانە، 14 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و 40 کەسیش لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدان".
بە گوتەی شەهرام سەیادی، سەرجەم ژەهراویبووان تووشی کێشەی هەرسکردن، هەناسە سواری، لێڵبوونی بینایی و سەرەسووڕە هاتوون و تەمەنی تووشبووانیش لەنێوان 16 بۆ 50 ساڵانە.
هەرچەند بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، خواردنەوە و فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان لە ئێران قەدەخەیە، بەڵام بەهۆی زۆربوونی رێژەی ژەهراویبووان، بەڕێوەبەرایەتیی دادی پارێزگای ئەلبورز دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی بەڕێوەبەرایەتیی دادی پارێزگای ئەلبورز، "بە فەرمانی دادوەر، دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانە کراوەتەوە کە خواردنەوە کحولییە ساختەکانیان فرۆشتووە و بڕیاری دەستگیرکردنیان لەلایەن دادگەوە بۆ دەرچووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ