هیممەتی دەتوانێت رکابەرێکی بەهێزی رەئیسی بێت؟

17-06-2021
شادی عەبدوڵڵا
شادی عەبدوڵڵا
نیشانەکردن هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران
A+ A-
تەنیا رکابەری ئیبراهیم رەئیسی بۆ کورسی سەرۆککۆماری، عەبدولناسر هیممەتییە. رکابەرێک کە ناوهێنانی لەبەرامبەر رەئیسی لە بەهێزییەکەیدا نییە، بەڵکو بەهۆی ئەوەیە کە ئەنجوومەنی پاسەوانیی دەستوور هەموو ئەوانەی ناوبانگێکیان هەبوو و دەیانتوانی سەرئێشە بۆ رەئیسی دروستبکەن رەتکردووەتەوە. ئێستا بەشێکی بچووکی ریفۆرمخوازەکان کە دەیانەوێت دەنگبدەن هەموو ئاواتەکانیان لە دەوری عەبدولناسر هیممەتی کۆکردووەتەوە و بە ناچاریی کردوویانەتە رکابەری بەربژێرە بەهێزەکەی نەریتخوازەکان.
 
عەبدولناسر هیممەتی کێیە؟
 
عەبدولناسر هیممەتی سیاسەتڤانی ریفۆرمخواز و ئابووریناسی ئێرانی ساڵی  1957 لە شارۆچکەی کەبودەرئاهەنگی پارێزگەی هەمەدان لەدایکبووە. بڕوانامەی دکتۆرای لە ئابووریی لە زانکۆی تاران وەرگرتووە و چالاکیی خۆی وەک کەسایەتیی سیاسی لە ساڵی 1980ـەوە دەستپێکردووە و لە ساڵانی 1989 تاوەکو 1994 جێگری سیاسیی دامەزراوەی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران بووە کە یەکێکە لە دامەزراوە گرنگەکانی سەربە نووسینگەی رێبەری ئێران. 
 
هیممەتی لە چەندین خولدا سەرۆکایەتیی چەندین بانک و دامەزراوەی گرنگی ئابووریی وەک بیمەی ناوەندیی ئێرانی لە ئەستۆ بووە، بەڵام گرنگترین پۆستی عەبدولناسر هیممەتی سەرۆکایەتیی بانکی ناوەندیی ئێران بووە کە لە مانگی ئابی ساڵی 2018ەوە ئەو پۆستەی وەرگرتووە و تا ئەو کاتەی لە مانگی ئایاری 2021 خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری بەربژێر کرد لەو پۆستەدا بووە.
 
هیممەتی خۆی رایگەیاندووە کە بەهۆی جیاوازیی بۆچوون لەگەڵ سەرۆککۆمار رووحانی لە پرسە ئابوورییەکاندا لە پۆستەکەی دوور خراوەتەوە، بەڵام مەحموود واعیزی، سەرۆکی نووسینگەی رووحانی، ئەمەی رەتکردەوە و رایگەیاند، بەهۆی بوونەبەربژێر بۆ هەڵبژاردن، هیممەتی ویستوویەتی مۆڵەت وەربگرێ و ئەگەر دەنگی نەهێنا بگەڕێتەوە سەر پۆستەکەی، بەڵام رووحانی بەمە رازی نەبووە.
 
لە نێو بەربژێرەکاندا هیممەتی گرنگترین و رەنگە تاکە رکابەری ئیبراهیم رەئیسی بێ، چونکە وەک خۆیشی گوتوویەتی ئەو چوار بەربژێرەکەی دیکەی نەرتیخوازەکان تەنیا وەک هێزی پشتیوانی بۆ رەئیسی خۆیان بەربژێر کردووە بەو مەبەستەی لە نزیک رۆژی دەنگداندا بە قازانجی رەئیسی بکشێنەوە.
 
گەرچی بەرەی ریفۆرمی ئێران بە فەرمی پشتیوانییان بۆ هیمەتی رانەگەیاندووە، بەڵام ئەو بەشە لە دەنگدەرانی ریفۆرمخواز و میانڕەو کە هێشتا هیوایان بە سندووقەکانی دەنگدان ماوە، پشتیوانی لە هیممەتی دەکەن، ئەویش نەک وەک ئەوەی هیممەتی بەبژێری دڵخوازی ئەوان بێ، بەڵکو نایانەوێ بە بردنەوەی بەربژێری نەریتخوازەکان دەسەڵاتی جێبەجێکاریش بۆ نەریتخوازەکان بێت وەک لە هەڵبژاردنی ساڵی رابردوودی پەرلەمانیدا نەریتخوازەکان زۆرینەی رەهای کورسییەکانی پەرلەمانیان بردەوە. هەر بۆ ئەو مەبەستەش محەمەد خاتەمی سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران کە بە سەیدی ریفۆرم ناو دەبرێ، هەروەها حەسەن رووحانی سەرۆککۆماری ئێستا و مەهدی کەڕووبی یەک لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی سەوزیش داوایان لە هەوادارانی بەرەی ریفۆرم کردووە بە بەشدارییان لە هەڵبژاردن، پلانی نەریتخوازەکان بۆ یەکدەستکردنی دەسەڵات پووچەڵ بکەنەوە کە ناڕاستەوخۆ مەبەستیان دەنگدانە بە هیممەتی لە دژی ئیبراهیم رەئیسی.
 
هیممەتی بووژانەوەی ئابووریی ئێرانی بە درووشم و بەرنامەی سەرەکیی خۆی راگەیاندووە و و بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەڕێوەبەرایەتیی هەڵە لە ساڵانی رابردوودا، ئابووریی ئێرانی بەرەو داڕمان بردووە؛ ئەمە لەکاتێکدایە لە ماوەی سەرۆکایەتیی هیمەتی لە بانکی ناوەندیی ئێران وەک گرینگترین ناوەندی ئابووریی وڵات، بەهای دراوی نیشتمانیی ئێران زیاتر دابەزی و رێژەی نەختینە و نرخی هەڵاوسانیش زۆر زیاتر بەرز بووەوە.
 
بە جۆرێک لەکاتی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی بانکی ناوەندی لەلایەن هیمەتییەوە،  نرخی هەڵاوسان لە ئێران 9.7 % بوو بەڵام کاتێک پۆستەکەی بەجێهێشت، ئەو نرخە بۆ 19.3% هەڵکشا .
 
رێژەی نەختینەش لە ئێران لە ماوەی کەمتر لە سێ ساڵ سەرۆکایەتیی هیممەتی لە بانکی ناوەندی دوو هێندە زیاتر بووە؛ واتە لە سەرەتای دەستبەکاربوونی هیممەتی لە بانکی ناوەندیدا، نەختینەی ئێران 1.672 هەزار ملیار تمەن بووە، بەڵام لە کۆتایی ئەرکەکەی ئەودا ئەو رێژەیە گەیشتووەتە 3.490 هەزار ملیار تمەن و رێژەی سەدا 107.8% زیادبووە.
 
نرخی دۆلاریش بەرامبەر بە تمەنی ئێرانی لە کۆتایی سەرۆکایەتیی هیممەتی لە نیسانی 2021 بە بەراورد بە  ئابی 2018 کە دەستبەکار بوو، بە رێژەی 127٪ واتە 2.7 هێندە بەرز بووەتەوە . بۆیە نەیارانی هیمەتی و بەربژێرە رکابەرەکانیشی هیممەتی بە بەرپرس دەزانن لەو قەیرانە ئابوورییەی ئێستای ئێران.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە