فرۆشتنی ئاوی ترێ لە بازاڕی میوەی تاران قەدەخەکرا

رووداو دیجیتاڵ

داواکاری گشتیی تاران، فرۆشتنی ئاوی ترێ لە بازاڕی میوە و سەوزەی ئەو شارە قەدەخە دەکات.
 
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی زۆربوونی خواست لەسەر ئاوی ترێ لە میدیاکانی نێوخۆی ئێران، داواکاری گشتیی تاران بڕیاریدا فرۆشتنی ئاوی ترێ لە بازاڕی میوە و سەوزەی ئەو شارە قەدەخە بکات و، فرۆشیارانی ئاوی ترێ دەبێت تەواوی کەرەستەکانی تایبەت بە فرۆشتنی ئاوی ئەو میوەیە کۆبکەنەوە.
 
داواکاری گشتیی تاران لە بڕیارەکەیدا دەڵێت، دەکرێ ئاوی ترێ بۆ شتی دیکە بەکاربهێندرێت، بۆیە قەدەخە دەکرێت.
 
بازاڕی گەورەی میوە و سەوزەی تاران، کە دەکەوێتە باشووری پایتەختی ئێران. میدیاکانی ئێران لە رۆژانی رابردوودا بڵاویانکردبووەوە، ئامێری گەورەی گرتنی ئاوی ترێ لەو بازاڕە داندراون و خەڵک بە دەبەی گەورە نۆرە دەگرن بۆ کڕینی ئاوی ئەو میوەیە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە یەکێک لە بەکارهێنانەکانی ئاوی ترێ، ئامادەکردنی کهوولە، کە خواردنەوە، کڕین و فرۆشتنی مادە کهولییەکان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، قەدەخەیە.