تەرمی دەرهێنەرێکی سینەما لە تاران بە پارچەپارچەکراوی دۆزرایەوە

17-05-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن بابەک خۆڕەمدین ئێران سینەما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تەرمی پارچەپارچەکراوی دەرهێنەرێکی سینەما لە گەڕەکێکی شاری تارانی پایتەختی ئێران دۆزرایەوە. هێزە ئەمنییەکانی دایک و باوکی دەرهێنەرەکەیان بە تۆمەتی تێوەگلان لە کوشتنی کوڕەکەیان دەستبەسەر کردووە.
 
محەممەد شەهریاری، دادوەری لێکۆڵینەوەی تاوان لە شاری تاران هەواڵەکەی بۆ ئاژانسی ئیسنا پشتڕاستکردووەتەوە. رۆژی دووشەممە 17-5-2021 بە ئاژانسەکەی گوتووە : "تەرمی ئەم کەسە رۆژی رابردوو لە ئیکباتان دۆزرایەوە". 
 
بە گوتەی شەهریاری، دوای دۆزینەوەی تەرمەکە، دایک و باوکی ئەو دەرهێنەرە دەستبەسەرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە و دانیان بە کوشتنەکە ناوە. 
 
سەرچاوەیەکی پۆلیس پشتڕاستی کردوەتەوە، کە تەرمەکە بابەک خۆڕەمدین دەرهێنەری سینەمایە و لە زبڵدانێک لە شەقامی نەفیسی گەڕەکی ئیکباتان دۆزراوەتەوە. 
 
دادوەری لێکۆڵینەوەی تاوان دەڵێ باوکی ئەو دەرهێنەرە دانی بەوەدا ناوە سەرەتا کوڕەکەی بە حەبی خەو بێهۆش کردووە و دواتریش بە چەقۆ پارچەپارچەی کردووە. 
 
پۆلیس سەرەتا بەشی سەرەوەی لەش و دەستەکانی ئەو دەرهێنەرە لە نێو زبڵدانەکە دەدۆزنەوە و لەڕێگەی پشکنینی  (DNA)ەوە بۆیان دەردەکەوێت تەرمەکە بابەک خۆڕەمدینە.
 
باوکی کوژراوەکە بە پۆلیسی گوتوە هۆکاری کوشتنەکە کوڕەکەی "هەڵسوکەوتی ناشیرین"ی بووە لەگەڵ دایک و باوکی. دادوەری لێکۆڵینەوە دەڵێت لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەکە بەردەوام دەبن.
 
بابەک خۆڕەمدین، تەمەنی 47 ساڵ بوو، ماستەری لە سینەمادا هەبوو. دەرچووی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی تاران بووە، هەروەها لە لەندەن لە بواری سینەمادا خوێندوویەتی.
 
شێوازی کوشتنی ئەو دەرهێنەرە ئێرانییە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قسەی زۆری لە بارەوە دەکرێت. کوشتنەکەی دەبەسترێتەوە بە رووداوێکی مێژوویی. سەردارێکی ئێرانی کە هەمان ناوی هەبووە، دژی خەلافەتی عەباسی بووە، کاتێک لەلایەن عەباسییەکانەوە دەستگیرکراوە، دەستی بڕاوەتەوە و پاشان لە سێدارە دراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە