رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە مەهدی کەرووبی سەرکردەی بزووتنەوەی سەوزی ئێرانیان راگەیاندووە، بەندکرانی لە ماڵەکەی خۆیدا کۆتایی هاتووە. بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا، بەندکرانی میرحوسێن موسەویش لە ماڵەکەی خۆیدا کۆتایی بێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 17ی ئاداری 2025، حوسێن کەروبی، کوڕی مەهدی کەروبی رایگەیاند،" هێزە ئەمنییەکان دوێنێ یەکشەممە بە باوکمیان راگەیاندووە، بە بڕیاری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، کۆتایی بە بەندکرانی لە ماڵەکەیدا هاتووە".
حوسێن کەروبی گوتی: "بەهۆی کێشە ئەمنییەکانەوە تاوەکو 9ی نیسانی 2025، هێزە ئەمنییەکان لە شوێنی نیشتەجێبونی باوکم دەمێننەوە، دواتر ماڵەکە بەجێدەهێڵن"، هەروەها گوتی هیچ سنوردارکردنێک بە باوکی نەگەیەندراوە دوای هەڵگرتنی سزاكەی".
بەگوتەی حوسێن کەروبی، هێزە ئەمنییەکان بە مەهدی کەروبییان گوتووە، لە چەند مانگی داهاتوودا کۆتایی بە بەندکرانی میرحوسێن موسەویش دەهێندرێت.
مەهدی کەروبی و میرحوسێن موسەوی دوو بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران دوای ناڕەزایی دەربڕینیان بە ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە 2009 لە ماڵەکەی خۆیاندا بەندکران. دوای راگەیاندنی ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە، ناڕەزاییەکی گەورە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە.
مەهدی کەروبی و میرحوسێن موسەوی دوو سەرکردەی بزووتنەوەی سەوز لە 15ی شوباتی 2009 لە ماڵی خۆیاندا دەستبەسەرکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ