گوتەبێژی حکومەتی ئێران: محەممەد جەواد زەریف هێشتا جێگری سەرۆککۆمارە

17-03-2025
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی حکومەتی ئێران دەڵێت، لە روانگەی حکومەتەوە هێشتا محەممەدجەواد زەریف، جێگری سەرۆککۆمارە بۆ کاروباری ستراتیژی؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر یاسای پۆستە هەستیارەکان لەسەر زەریف جێبەجێ بکرێت، پێویستە هەموو بەرپرسانی دیکەش بگرێتەوە.

فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران، رۆژی یەکشەممە سەبارەت بە چارەنووسی دەستلەکارکێشانەوەی محەممەدجەواد زەریف، جێگری سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە بۆ کاروباری ستراتیژی رایگەیاند: "فەرمانی سەرۆککۆمار بۆ دەستنیشانکردنی بەڕێز زەریف وەکو جێگری سەرۆککۆمار بۆ کاروباری ستراتیژی هێشتا کاری پێدەکرێت و بە هیچ شێوەیەک هەڵنەوەشێنراوەتەوە، بەڵام لەدوای نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی، بەشداریی کۆبوونەوەکانی حکومەت ناکات."
 
مهاجرانی گوتی: "لە روانگەی حکومەتەوە هێشتا محەممەدجەواد زەریف جێگری سەرۆککۆمارە بۆ کاروباری ستراتیژی و ئەگەر یاسای پۆستە هەستیارەکان جێبەجێ بکرێت، پێویستە هەموو بەرپرسانی دیکە لە پەرلەمان، دەسەڵاتی دادوەری و دامەزراوەکانی دیکەی وڵات بگرێتەوە."
 
مهاجرانی گوتی، کاتێک کەسێک بڕیارێک دەردەکات، ئەو بڕیارە یان دەبێت هەڵبوەشێتەوە و کەسەکە دووربخرێتەوە یان جێگرەوەیەک بۆ ئەو کەسە دیاری بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کام لەم دۆخانە رووینەداوە.
 
گوتەبێژی حکومەتی ئێران روونیکردەوە، حکومەت پێیوایە زەریف یەکێکە لە بەهرە بەنرخەکانی وڵات و پێویستە قەدری بزانرێت: "دکتۆر زەریف و دکتۆر تەیب نیا و بەڕیز خاتەمی لەو کەسانەن پێویستە قەدریان بزانین و هەوڵ بدەین زۆرترین سوود لە توانا و ئەزموونەکانیان وەربگرین."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا کەسانی دیکە لە حکومەتدا هەن بەپێی ئەو یاسایە ناچاربن دەستلەکار بکێشنەوە؟ گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند: "زانیاریی وردم نییە لەسەر ئەوەی منداڵی چ کەسانێک دوو وڵاتینامەیان هەیە، بەڵام هیوادارم پڕۆژەیاسای حکومەت بۆ چاکسازی لە وڵاتینامەی زۆرەملێی منداڵان، ئەو کێشانە چارەسەر بکات و وڵات بتوانێت بەشێوەیەکی دروست سوود لە توانا مرۆییەکانی خۆی ببینێت."
 
درەنگی شەوی 2ـی ئاداری 2025، محەممەد جەواد زەریف، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری ستراتیژی رایگەیاند، دوای ئەوەی لەگەڵ غوڵام حوسێن موحسین ئەژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری کۆبووەتەوە، ئێژەیی داوای لێکردووە دەست لەکاربکێشێتەوە، ئەویش دەستلەکارکێشانەوەی پێشکێشی سەرۆککۆمار کردووە.
 
زەریف لە ئێکس "لادانی" لەبری دەستلەکارکێشانەوە بەکارهێنا و نووسی: "هیوادارم بە لادانی من، بیانووەکان بۆ بەربەستدانان لە بەرامبەر ویستی خەڵک و سەرکەوتنی حکومەت لابرابن. هێشتا شانازی بە پشتگیری لە دکتۆر پزیشکیانی بەڕێز دەکەم و بۆ ئەو و خزمەتکارانی راستەقینەی خەڵک."
 
محەممەد جەواد زەریف، پێشتر و لە سەرەتای دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دوای ئەوەی لیستی ناوی وەزیرانی پێشنیازکراوی پێشکێشی پەرلەمان کرد، وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر لیستەکە، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی راگەیاند، بەڵام دواتر پاشگەزبووەوە.
 
دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردن و دەستبەکاربوونی، رۆژی پێنجشەممە، 01-08-2024، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، زەریفی وەکو جێگری خۆی بۆ کاروباری ستراتیژی دەستنیشان کرد.
 
یاسای پۆستە هەستیارەکان لە ئێران دەڵێت، هەر کەسێک وڵاتینامەی یەکێک لە وڵاتانی رۆژئاوای هەبێت یان ئەگەر منداڵەکانی ئەو وڵاتینامەیەیان هەبێت، نابێت پۆستی هەستیار وەربگرێت. دوو منداڵی محەممەدجەواد زەریفیش لە ئەمریکا لەدایکبوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەپێی بڕیارەکە، کەمترین مووچەی کرێکار 10 ملیۆن و 400 هەزار تمەن دەبێت.

مووچەی کرێکاران لە ئێران 45% زیاد دەکرێت

ئەنجوومەنی باڵای کاری ئێران، ئەمڕۆ بڕیاری زیادکردنی مووچەی کرێکارانی پەسند کرد و لە ساڵی داهاتووەوە مووچەی کرێکاران 45 لە سەت زیاد دەکرێت و کەمترین مووچەی کرێکار 10 ملیۆن و 400 هەزار تمەن دەبێت. نوێنەری کرێکاران داوایان کردبوو مووچە 70 لەسەت زیاد بکرێت.