رووداو دیجیتاڵ
ئێران شێوەی دابەشکردنی هاوکاریی مادی بۆ خەڵک و کەرتە جیاوازەکان دەگۆڕێت؛ یەکەم هەنگاویش لە گرانکردنی نان دەستپێدەکات و نرخی یەک نان بۆ 100 هەزار تمەن بەرزدەبێتەوە.
غوڵام رەزا نووری قزڵجە، وەزیری کشتوکاڵی ئێران دەڵێت، "یەکێک لە نیگەرانییەکانی ئێمە ئەوەیە پارەیەکی زۆر وەک هاوکاری بۆ دابینکردنی نان دەدەین، بەڵام لە هەندێک شوێن و گەڕەک، ئەو هاوکارییە ناگاتە دەستی خەڵک و پێویستە لێیبکۆڵینەوە."
لە بودجەی ساڵی داهاتووی ئێران، زیاتر لە 6 ملیار دۆلار بۆ هاوکاریکردنی نانەواخانەکان دانراوە. ئەمە لەکاتێکدایە هەر خێزانێکی ئێرانی لە ساڵیکدا بەشێوەی مامناوەند 161 کیلۆگرام نان دەخوات.
عەبدولناسر هیمەتی، وەزیری ئابووریی ئێران دەڵێت، "ئەو هاوکارییەی ئێمە بۆ ئارد دەیدەین یەک لەسەر چواری نرخی ئەو گەنمەیە کە حکومەت دەیکڕێت. تەنیا ئەمساڵ بایی 220 هەزار ملیار تمەن گەنممان کڕیوە. بۆیە من لەو بڕوایەدام دەبێت ئەو هاوکارییە بە شێوەیەک بدەین، کە لە بەرژەوەندیی خەڵک دا بێت، ئێمە دەبینین لە بازاڕ نرخی نان بەردەوام بەرزدەبێتەوە، بەڵام ئێمە ئارد بە نرخی یەک لەسەر 24ـی نرخی گەنم دابەش دەکەین."
یارانە، ئەو بڕە پارە نەختینەیە کە حکومەت مانگانە بە خەڵکی دەدات، بۆ هەرکەسێک نزیکەی 11 دۆلارە. ئامانجیش لێی یارمەتیدانی خەڵکی هەژار و کەمداهاتە، بەڵام سەرۆککۆمار دەڵێت، هەژارەکان سوودی لێ نابینن.
مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، "ئێمە هاوکاری دەدەین بە گەنم، بە شوێنەکانی بەخێوکردنی مەڕ وماڵات، بەڵام گۆشت و نان گران دەبن، دەوڵەمەندەکان زیاتر سوودمەندن، ئێمە دەبێ کارێک بکەین کە هەر کەس مافی خۆی وەربگرێت، لە بابەتی نان، گۆشت، بەنزین، کارەبا و گاز خەریکین هاوکاری دەکەین؛ بەڵام هەندێک کەس سوودمەن نابن و هەندێک کەس 10 هێندە زیاتر سوودمەند دەبن."
لە هاوینی ئەمساڵ دا نرخی نان لە ئێران 25٪ بەرزبووەوە، لە تاران نانی لەواش 66٪ و نانی سەنگەک 40٪ بەرزبوونەوە. بەڵام ئیستا نرخی نان لە ئێران زیاتر بەرز دەبێتەوە و یەک نان دەگاتە 100 هەزار تمەن؛ لەکاتێکدا پێشتر بەپێی جۆری نانەکانی سەنگەک، لەواش، تافتن و بەربەری نرخەکەی لەنێوان 800 تاوەکو 5 هەزار تمەن بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ