دادگەی تاران رەزامەندی لەسەر داواکاریی کەسوکاری ژینا ئەمینی نادات


رووداو دیجیتاڵ

دوو مانگ بەسەر گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی کە بە گوتەی باوکی لە لایەن پۆلیسی رەوشتی تارانەوە کوژراوە، تێدەپەڕێت. دادگەی تاران تاوەکو ئێستا داواکاریی کەسوکار و پارێزەرانی ژینا ئەمینی بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی پزیشکیی پسپۆڕ پەسند نەکردووە و پۆلیسی رەوشتی تاران ئامادە نییە گرتەی ڤیدیۆیی کاتی دەستبەسەرکردن و گواستنەوەیان پێ بدات.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، دادگەی لێکۆڵینەوەی تاران بەشێک لە دۆسیەی ژینا ئەمینی داوەتە پارێزەرەکان تاوەکو بیخوێننەوە، بەڵام تەواوی دۆسیەکەیان پێنەدراوە. 
 
لە دۆسیەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، لێکۆڵینەوە لەو چوار پۆلیسە کراوە کە ژینا ئەمینییان دەستبەسەرکردووە و رەتیانکردووەتەوە لەکاتی دەستبەسەرکردن و گواستنەوەی بۆ بنکەی پۆلیسی رەوشتی تاران، لە ژینا ئەمینییان دابێت. هەروەها لەو شەش کەسەی لەگەڵ ژینادا دەستبەسەرکرابوون، گوتەی سێ کەس وەرگیراوە، دووانیان گوتوویانە دوای ژینا دەستبەسەرکراون و ئاگاداری ئەوە نین لێی دراوە یان نا. یەکێکیشیان گوتوویەتی، ژینا لەنێو ئۆتۆمبێلی پۆلیس لە دواوەی ئەو دانیشتووە، بۆیە نازانێت لێی دراوە یان نا.
 
دادگەی تاران هێشتا رەزامەندی لەسەر داواکاریی کەسوکاری ژینا و پارێزەرەکانیان دەرنەبڕیوە لەبارەی پێدانی ڤیدیۆی تۆمارکراوی کامێرای سەر جلوبەرگی هێزەکانی پۆلیس و نێو ئۆتۆمبێلەکەی پۆلیس لەکاتی دەستبەسەرکردن و گواستنەوەی ژینا ئەمینی.
 
دۆسیەی ژینا ئەمینی لە بەشی کوشتنە لە دادگەی لێکۆڵینەوەی تاران و بڕیارە رۆژی شەممە دەستەی پارێزەرانی کەسوکاری ژینا جارێکی دیکە سەردانی ئەو دادگەیە بکەنەوە بۆ داواکردنی پێکهێنانی لیژنەی پزیشکی پسپۆڕ بۆ دەستنیشانکردنی هۆکاری گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی. 
 
بڕیارە رۆژی شەممە دەستەی پارێزەرانی کەسوکاری ژینا ئەمینی سەردانی دادگەی لێکۆڵینەوەی تاران بکەن و دووبارە داوا بکەنەوە، لیژنەیەک بە بەشداریی پزیشکانی شارەزا و پسپۆڕ کە جێگەی متمانەی کەسوکاری ژینا بن، پێکبهێندرێت بۆ لێکۆڵینەوە و دەستنیشانکردنی هۆکاری راستەقینەی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی.
 
پارێزەرانی دۆسیەکە پێشتر رایانگەیاندووە، تەنیا لە دۆخێکدا دەتوانن دان بە دروستبوونی رەوتی دادگاییەکە دابنێن کە ئەو لیژنەیە پێکبهێندرێت و گرتەڤیدیۆییەکانیان بە تەواوی پێ بدرێت.
 
ژینا ئەمینی، کچە کوردی 22 ساڵانی خەڵکی سەقز لە 16-09-2022، لە تاران گیانی لەدەستدا، دوای ئەوەی سێ رۆژ پێشتر لە بنکەی پۆلیسی رەوشتی تاران تەندروستیی تێکچوو. باوکی ژینا ئەمینی دەڵێت، کچەکەی لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە لێی دراوە و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.