دەسەڵاتی دادوەریی ئێران دۆسیەیەکی بۆ دادگاییکردنی محەممەد جەواد زەریف کردەوە

16-11-2021
فریا یونسی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

زەبیحوڵڵا خوداییان، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بەیانی ئەمڕۆ 16-11-2021 رایگەیاند، دۆسیەیەک سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی فایلی دەنگیی محەممەد جەواد زەریف، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران، کە تێیدا رەخنەی لە هەندێک لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەستێوەردانی سوپای پاسداران گرتبوو، پێکهێنراوە و دوای تەواوبوونی دۆسیەکە، لە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران دەخرێتەگەڕ بۆ دادگاییکردن. 
 
بە گوتەی خوداییان، ئەو دۆسیەیە لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعات و رێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە پێکهێنراوە و لێکۆڵینەوەی بۆ دەکرێت. دەشڵێت: "دۆسیەکە لە ژێر چاودێریی داواکاریی گشتیدایە و لێپرسینەوە لە ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە سیاسییە پەیوەندیدارەکان کراوە".
 
بەپێی یاسای ئێران، هەر دۆسیەیەکی دادوەریی دوای تەواوبوونی لەلایەن داواکاری گشتییەوە، رادەستی دەسەڵاتی دادوەریی دەکرێت بۆ دادگاییکردن. پێشتر دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، لەسەر ئەو بابەتە رایگەیاندبوو، ژمارەیەک کەس لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کراوە و ژمارەیەکیش چوونە دەرەوەیان لە وڵات قەدەخە کراوە. 
 
دوو مانگ پێش تەواوبوونی کابینەی حەسەن روحانی، فایلێکی دەنگیی محەممەد جەواد زەریف بڵاوبووەوە، تێیدا باس لە دەستێوەردانی، قاسم سولەیمانی، لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران دەکات، هەروەها ئاگاداربوونی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە لە تاران، لەگەڵ ناڕەزایەتی رووسیا بە رێککەوتنی ئەتۆمی. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە