حکومەتی ئێران گرتووخانەکان بۆ دەرەوەی شارەکان دەگوازێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ئێران بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵخیی نێو شارەکان، گرتووخانەکان بۆ دەرەوەی شارەکان دەگوازێتەوە.
 
بەرپرسانی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران دەڵێن، پلانیان هەیە تاوەکو 10 ساڵی داهاتوو، 35 گرتووخانە بۆ دەرەوەی شارەکان بگوازنەوە.
 
غوڵامعەلی محەممەدی، سەرۆکی رێکخراوی گرتووخانەکانی ئێران گوتی "نزیکەی 100 پرۆژەمان هەیە. لە دەستەی باڵای فڕۆشتنی موڵکە حکومییەکان مۆڵەتمان وەرگرتووە بۆ ئەوەی لە رێگەی فڕۆشتن یان گۆڕینەوی ئەم پڕۆژانە، پارەی پێویست بۆ دروستکردنی گرتووخانەی نوێ دابین بکەین، لەوانەش ئەو 35 گرتووخانەیەی بڕیارە بۆ دەرەوەی شارەکان بگوازرێنەوە."
 
رێکارە سەرەتاییەکان بۆ گواستنەوەی گرتووخانەکانی مەشهەد، زەنجان، تەورێز، میانە، یەزد، مشگین شەهری ئەردەبیل، بوشێهر، کرماشان، بانە و بیجاریی رۆژهەڵاتی کوردستانیش تەواو کراون.
 
بڕیارە بەناوبانگترین گرتووخانەی ئێران، گرتووخانەی ئێڤینی تارانیش بۆ دەرەوەی شار بگوازرێتەوە... ئەنجوومەنی شاری تاران دەڵێت، ئامادەن گرتووخانەکە بکەنە موزەخانە.
 
سەید ئەحمەد عەلەوی، سەرۆکی لیژنەی گەشتیاری لە ئەنجوومەنی شاری تاران گوتی "لە کۆبوونەوەی پێشووی سەرۆکی شارەوانیی تاران لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتی داد، گرتووخانەی ئێڤین یەکێک لە مژارەکان بوو. ئێمە ئامادەین گرتووخانەکە بکەینە موزەخانە، بەڵام پێویستە ئەو ئامادەییە لە لای دەسەڵاتی داد و فەرمانگەی گرتووخانەکانیش هەبێت."
 
ساڵی 2001 پەرلەمانی ئێران یاسایەکی پەسند کرد بۆ گواستنەوەی گرتووخانەکان بۆ دەرەوەی شارەکان، لەو کاتەوە تائێستا 43 گرتووخانە گوێزراونەتەوە، 18ـیان لە سێ ساڵی رابردوودا بووە.
 
فەرمانگەی گرتووخانەکانی ئێران دەڵێت، بۆ خێراترکردنی گواستنەوەی گرتووخانەکان، پێویستیان بە دروستکردنی گرتووخانەی نوێ هەیە. بەپێی یاسای گواستنەوەی گرتووخانەکان، دابینکردنی زەوی و دروستکردنی گرتووخانە لە ئەستۆی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی ئێراندایە.