لە دوو شوێنی ئێران ئاگرکەوتەوە؛ 2 کەس گیانیان لەدەستدا و 13 کەسیش بریندار بوون

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە 2 رووداوی ئاگرکەوتنەوەدا لە ناوچەی پیشەسازیی ئەسفەهان و پاڵاوگەیەک لە پارێزگای خوزستانی ئێران، 2 کەس گیانیان لەدەستدا و 13 کەسیش بریندار بوون.
 
بەگوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، شەوی رابردوو نزیک کاژێر 10:00ی شەو لە شاری شوشتەری سەر بە پارێزگای خوزستان لە باشووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە ئاگر لە پاڵاوگەیەک کەوتووەتەوە.
 
سەید موحسین موسەوی، قایمقامی شوشتەر رایگەیاند، رووداوەکە لە کاتی بارکردنی سووتەمەنی لەلایەن بارهەڵگرێکەوە روویداوە و دوای چەندین کاژێر هەوڵدان، ئاگرەکە لە کاژێر 02:30ی بەرەبەیانی چوارشەممە لە لایەن تیمەکانی ئاگرکوژینەوەوە کۆنترۆڵ کرا.
 
بە گوتەی قایمقامی شوشتەر، لە رووداوەکەدا 6 کەس بریندار بوون و 2 کەسیان بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە بۆ نەخۆشخانەی تاڵقانیی شاری ئەهواز و 4 کەسەکەی دیکەش بۆ نەخۆشخانەی شاری شوشتەر گوێزراونەتەوە.
 
مەهدی ئاب ئاب، بەڕێوەبەری ئاگرکوژینەوەی شوشتەر دەڵێت، ئاگر لە 9 کۆگەی پڕ سووتەمەنیی پاڵاوگەکە کەوتبووەوە و مەترسیی ئەوە هەبوو بەرەو شوێنی دیکەش تەشەنە بکات، بۆیە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی شارەکانی دەوروبەریش لە کوژاندنەوەی ئاگرەکە بەشدار بوون.
 
لە رووداوێکی دیکەدا لە ناوچەیەکی پیشەسازی سەر بە پارێزگای ئەسفەهان ئاگر کەوتەوە.
 
بە گوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، رووداوەکە لە ناوچەی پیشەسازیی ئەمیرکەبیری شاری کاشان بووە و بەهۆی تەقینی کورەی کارگەکەوە ئاگرێکی گەورە لە کارگەکە و دەوروبەری کەوتوەتەوە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای ئەسفەهان رایگەیاند، لە رووداوەکەدا 2 کەس گیانیان لەدەستداوە و 7 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
مەنسوور شیشەفرووش،  بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای ئەسفەهان گوتی، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە، بەڵام بە گوێرەی ئەنجامە سەرەتاییەکان، رووداوەکە بەهۆی کێشە لە سیستمی کارەبایی کارگەکە و شۆرتی کارەباوە روویداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە